زاری كرمانجی – سۆران :
راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان كە هێڵێكی بەرگریی بەهێز دروستكراوەو هەرگیز جارێكی تر داعش ناتوانی زیان بە كوردستان بگەینێت و دەڵێ:” هێڵێكی بەرگریی بەهێز دروست كراوە، داعش ناتوانێ زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، چونكە هێزی پێشمەرگە هەموو پێداویستیی بۆ دابینكراوە و چەكی قورسی هەیە و ئەوەی گرنگیشە سەركردایەتییەكی یەكگرتووی بەهێزی هەیە”.
بابەكر زێباری راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر رونیكردەوە”جموجۆڵەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیاتر لەو ناوچانەن كە لەژێر دەسەڵاتی عێراقدان، نەك هێزی پێشمەرگە، چونكە هێزی پێشمەرگە هێڵێكی بەرگریی زۆر باش و پتەوەی دروست كردووە كە داعش توانای نییە زەفەری پێ ببات و بێن بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو كێشەی هەیە لەو ناوچانەن كە هێزی عێراقی بەرگریی لێ دەكەن”.
زێباری گووتیشی: ”ئەو سنوورانەی لە دەستی هێزی پێشمەرگەدان هیچ كێشەیان نییە و هێزی پێشمەرگە هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین كراوە و بێ گرفتە و چەكی پێشكەوتووی هەیە كە بۆ بەرگریكردن زۆر باشە و توانای بەرگرییەكی باشی هەیە و سەركردایەتییەكی یەكگرتووی هەیە، چونكە بوونی سەركردایەتییەكی یەكگرتوو زۆر گرنگە بۆ هێزی سەربازی”.
راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێم زیاتر گووتی ”هێزی پێشمەرگە بەردەوام لە خۆڕێكخستن دایە و ئێستا هەر لیوایەك دروست دەكرێت لە شوێنی خۆی دەمینێتەوە و پارێزگاری لەو ناوچەیە دەكات و كار دەكرێت بۆ ئەوەی فیرقەش دروست بكرێت، هەنگاوەكانیش زۆر لەسەرخۆن و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك جێبەجێ دەكرێت، كە لەشكرێكی نیزامیی زۆر باش دروست بێت، بۆیە هێزی پێشمەرگە هیچ كێشەی نییە و بەرگرییەكی زۆر باش لە كوردستان دەكات”.