لە ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە ٦١ هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠٢٥، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان، زیاتر لە ٦١ هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری و نزیکەی ١٦ هەزار حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە تۆمار کراون، کە تێیدا پارێزگای سلێمانی لە ڕیزبەندی یەکەمی هاوسەرگیری و هەولێریش لە ڕیزبەندی یەکەمی تەڵاقدایە.
بەپێی داتاکان، کۆی گشتیی مارهبڕین گەیشتووەتە (٦١,٣٢٨) حاڵەت. پارێزگای سلێمانی بە (٢٥,٦٨٧) حاڵەت زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری تێدا تۆمار کراوە، بەدوای ئەویشدا هەولێر بە (١٩,٦٢٠) حاڵەت و دهۆک بە (١٢,٩٥٥) حاڵەت دێن.
لەبەرامبەردا، ئامارەکانی تەڵاق و جیابوونەوە گەیشتوونەتە (١٥,٨٢٦) حاڵەت، کە بەرزترین رێژە لە هەولێر بووە بە (٧,١١٣) حاڵەت. هەروەها ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان (١٠٧) مۆڵەتی هێنانی ژنی دووەم بە یاسایی دراوە.
بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ هاوسەرگیری زیادی کردووە
داتاکانی ساڵی ٢٠٢٥ نیشانەی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی دەدەن لە ڕێژەی پێکهێنانی خێزان. بەراوردکارییەکان دەریدەخەن کە لە هەموو پارێزگاکان خواستی گەنجان بۆ هاوسەرگیری زیادی کردووە، بەجۆرێک تەنیا لە سلێمانی زیاتر لە ٧ هەزار هاوسەرگیری زیادی کردووە.
لە سلێمانی: رێژەکە بە شێوەیەکی پێوانەیی زیادی کردووە، لە (١٨,٥٢٢) حاڵەتەوە بۆ (٢٥,٦٨٧) حاڵەت (زیادبوونی ٧,١٦٥ حاڵەت).
لە هەولێر: بە هەمان شێوە زیادبوونی (٢,٠٢٩) حاڵەت تۆمار کراوە.
لە دهۆک: رێژەکە (٧٥٦) حاڵەت زیادی کردووە.
سێبەری تەڵاق بەسەر خێزانەکانەوە
لەکاتێکدا ئامارەکانی هاوسەرگیری لە هەڵکشاندان، هاوتەریب رێژەی تەڵاقیش وەک مەترسییەکی کۆمەڵایەتیی گەورە ماوەتەوە. ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ دەریدەخەن کە نزیکەی ٢٥٪ی ئەو پرۆسانەی دەستپێدەکەن، بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت.
کێشەی جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠٢٥دا یەکێک بووە لە پرسە دیارەکان.
بەپێی داتاکان: هەولێر لە پێشەنگدایە: سەرەڕای ئەوەی سلێمانی هاوسەرگیریی زیاتری تێدایە، بەڵام هەولێر بە (٧,١١٣) حاڵەت زۆرترین تەڵاقی تێدا تۆمار کراوە، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە بەراورد بە ژمارەی هاوسەرگیرییەکانی هەمان شار.
سلێمانی و دهۆک: لە سلێمانی (٥,٣٦٩) و لە دهۆک (٢,٣٥٤) حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە.
لە خاڵێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، پرسی (ژنی دووەم) تیادا هاتووە کە تەنیا (١٠٧) کەس توانیویانە بە رەزامەندیی دادگا و مەرجە یاساییەکان هاوسەرگیریی دووەم ئەنجام بدەن کە زۆرترینیان لە هەولێر (٤٢) و سلێمانی (٣٩) و دهۆک (٢٦) حاڵەت بووە.

































































