زاری كرمانجی :
سوپای ئۆكرانیا، ئامارێكی شۆكهێنەر لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارانی رووسیا بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت “لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە تا ئێستا، ژمارەی كوژراو و بریندارانی سوپای رووسیا گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كەس.”
سەرۆكایەتی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی سوپای ئۆكرانیا، ئەمڕۆ یەكشەممە 22ـی شوباتی 2026 نوێترین ئاماری زیانە گیانی و ماددییەكانی رووسیای لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگەوە 24ـی شوباتی 2022 تاوەكو ئێستا بڵاوكردەوە، بە گوێرەی ئامارەكە ژمارەی كوژراو و بریندارانی رووسیا گەیشتووەتە نزیكەی ملیۆنێك و 259 هەزار و 780 كەس.
زیانە ماددییەكانی سوپای رووسیا كە لە ئامارەكەی سوپای ئۆكرانیا هاتووە “هێزەكانی ئۆكرانیا لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵی جەنگدا توانیویانە ئەم كەرەستە سەربازییانەی رووسیا تێكبشكێنن:
تانك: 11,694 دانە.
زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی جەنگی: 24,069 دانە.
سیستەمی تۆپخانە: 37,470 دانە.
مووشەكی (MLRS): 1,652 دانە.
سیستەمی بەرگری ئاسمانی: 1,303 دانە.
زیانە ئاسمانی و دەریاییەكان:
سوپای ئۆكرانیا توانیویەتی 435 فڕۆكەی جەنگی، 348 هێلیكۆپتەر، 142,113 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن) و 4,314 مووشەكی كروز بخاتە خوارەوە.
هەروەها لەسەر ئاستی دەریاییش، 29 كەشتیی جەنگی و 2 ژێردەریایی تێكشكێنراون، لەگەڵ 79,500 بارهەڵگر و تانكەری سووتەمەنی.
راگەیاندنی ئەم ئامارە لە لایەن ئۆكرانیاوە لە كاتێدایە، جەنگی نێوانیان لە گەڵ رووسیا دوای دوو رۆژی دیكە پێ دەنێتە چوار ساڵەی تەمەنی، هەرچەندە هەوڵەكان بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ لە لایەن ئەمریكا و وڵاتانی نێوەندگیرەوە بەردوامە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتوانراوە ئاشتی بۆ ناوچەكە دەستەبەر بكات و كۆتایی بەو جەنگە درێژ مەودایە بهێنێت.

































































