زاری كرمانجی-سۆران
رۆژی یەكشەممە، ۲۲ـی شوباتی٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری، سەرۆكی زانكۆی سۆران، بۆ كاروباری زانستی، مامۆستا، فەرمانبەران و قوتابیان، پێنجەمین پێشانگەی ساڵانەی كتێب لەژێر دورشمی”كتێب لە ژێر سێبەری كەزیدا” لە زانكۆی سۆران كرایەوە.
ڕێبەر عەبدولغەفار، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران بە زاری كرمانجی گووت: “پێشانگەی كتێب لە زانكۆی سۆران، وەك نەریتێكی زانستی و ئەكادیمی، ساڵانە دەكرێتەوە. تیایدا بە هەزارەها ناونیشان لە بواری جیاجیادا، وەك سەرچاوەی توێژینەوە و خوێندنەوەی مەعریفی، دەخرێتە بەردەستی قوتابیان و خوێنەران.
ئاماژەی بەوەشدا: ” لە پێشانگەكەدا ۱۰ دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە لە شارەكانی كوردستان بەشدارن، پێنج هەزار ناونیشان لە بواری جیاجیا، بە زمانەكانی، كوردی، عەرەبی وئینگلیزی خراونەتەڕوو، داشكان بۆ پەرتۆكەكان كراوە.
پێشانگەكە تا ڕۆژی پێنجشەممە، ۲٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، بەردەوام دەبێت، جگەلە مامۆستاو قوتابیانی زانكوو، خەڵكی دیكەو خوێنەران و ئارەزوومەندان كتێب دەتوانن سەردانی بكەن، ڕۆژانە لە كاتژمێر ١٠ـی سەرلەبەیانی تاكو ٥ـی ئێوارە كراوە دەبێت.

































































