مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەبارەت بە تیرۆریست ناوبردنی مەزڵووم عەبدی لەلایەن وەزیری بەرگریی توركیاوە، ڕایدەگەیەنێت “جیهان مەزڵووم عەبدی دەناسێت، كەچی ئەو هێشتا دەڵێت تیرۆریست. ئەرێ تۆ لە كوێ دەژیت؟”
تونجەر باكرهان، هاوسەرۆكی (دەم پارتی) لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی پارتەكەی دا لە شاری سێرت ی باكووری كوردستان، ڕەخنەی توندی ئاراستەی یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا كرد كە ماوەیەك بەر لە ئێستا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ی بە “تیرۆریست” ناو بردبوو، دەڵێت “بەداخەوە كە تا ئێستا وەزیری بەرگری، بەو جۆرە زمانە قسە دەكات، چونكە نە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە و نە لەگەڵ ئەو وێنەیەی كۆنفرانسی میونشن دەگونجێت،”
باكرهان بە تەنزەوە بە گولەر دەڵێ”بەیانیت باش، جیهان مەزڵووم عەبدی دەناسێت ، تۆ تازە بەخەبەر هاتوویت ؟،”
باكرهان، لە بارەی بەشداری مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە كۆنفرانسی میونشن، بەو شێوەیە قسە دەكات و دەڵێ “ئەو دیپلۆماسییەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە كۆنفرانسی میونشن بەڕێوەیان برد، سەركەوتنی كورد بوو. ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان كۆبوونەوە.”


































































