ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ماڵپەڕى Irna، دەری دەخات خواردنی خۆراکی گونجاو لە پارشێو دەتوانێت وزەی پێویستی لەش دابین بکات و ڕۆژوەوان بە درێژایی ڕۆژ بپارێزێت لە بێ تاقەتی و برسییەتی.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، باشترە ڕۆژوەوانان بڕێکی گونجاو لە سەوزە جۆراوجۆرەکان بخۆن لە ژەمی پارشێودا. چونکە خۆراک و ئاوی جیاوازی ناو سەوزە نەک تەنها ڤیتامینەکان و کانزای پێویست بۆ لەش دابین دەکات بەڵکو یارمەتی ڕێگرتن لە تینوویەتی و وشکبوونی قوڕگ دەدات.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، خواردنی شیرینی لە پارشێو پێشنیار ناکرێت. چونکە شیرینەمەنییەکان بە هاندانی ئەنسۆلین و گواستنەوەی خێرای شەکری خوێن بۆ ناو خانەکان، دەبێتە هۆی دابەزینی شەکری خوێن و سەرەنجام برسییەتی پێش وەختەی ڕۆژوەوان.
هاوکات چا، قاوە و نیسکافە بەهۆی تایبەتمەندییەکانیانەوە پێویستی لەش بە ئاو زیاد دەکەن؛ و باشترە ئەم خواردنەوانە زیاد لە پێویست نەخورێنەوە لە ژەمی پارشێودا. بەڵکو پشت بە خواردنەوە ئاو ببەسترێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی شلەی لەش. هەروەها، خواردنی ژەمی سورکراوە و پڕ لە بەهارات و چەورییش دەبێتە هۆی وشکبوونی دەم و تینوویەتی ڕۆژوەوان بە درێژایی ڕۆژ. بۆیە بەپێی ئەو سەرچاوەیە باشترە ڕۆژوەوان لە ژەمی پارشێو لەم جۆرە خۆراکانە دوور بکەوێتەوە.


































































