بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پۆلێنكرن و رێكخستنەوەی داهات و چۆنیەتیی گەڕاندنەوەیان و خەرجكردنەوەیان، وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە كار بە میكانزم و بڕیاری نوێ بكەن.
لە بڕیارەكەدا ئەوە هاتووە كە: “بەشەداهاتی زیادكراو، لە تەرازووی پێداچوونەوەی یەكە ژمێریارییەكاندا پۆلێنێكی نوێی بۆ زیاد دەكرێت بە ناوی (سپاردەی دیكەی جۆراوجۆر- رێژە)“.
بەپێی نووسراوەكە، وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە، پابەند بن بە خەرجكردنی رێژەكانی داهات بەپێی رێنمایی و بڕیارەكانی وەزارەتەكە.
بەپێی خشتەیەك كە لە رێنمایی دارایی ژمارە 11ی ساڵی 2025 هاتووە، 16 وەزارەت داهاتی جۆراوجۆریان هەیە و بەشێكی ئەو داهاتانە بۆ خودی وەزارەتەكان خەرج دەكرێتەوە و بەشێكیش بۆ گەنجینەی گشتیی حكوومەت دەگەڕێتەوە.
داهاتی گشت فەرمانگەكانی كارەبا 80%ی بۆ خودی وەزارەتی كارەبایە و 20%ی بۆ گەنجینەیە، داهاتی كۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانان 6%ی بۆ وەزارەتەكەیە و 94%ی بۆ گەنجینەیە، داهاتی تۆماری كۆمپانیاكان 25%ی بۆ خودی وەزارەتی بازرگانییە و 75%ی بۆ گەنجینەی حكوومەتە.


































































