زاری كرمانجی :
حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بە شێوەیەكی فەرمی رێگە بە پیاوان دەدات توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر هاوسەر و منداڵەكانیان بەكاربهێنن.
رۆژنامەی “تەلەگراف” كۆپییەكی یاسا نوێیە 60 لاپەڕەیەكی حكومەتی تاڵیبانی دەستكەوتووە كە واژۆی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری باڵای ئەفغانستانی لەسەرە. كە لەو یاسایەدا هاتووە “مێرد دەتوانێت بە ئازادی توندوتیژی دژی هاوسەر و منداڵەكانی بەكاربهێنێت، بەو مەرجەی لێدانەكان نەبنە هۆی شكانی ئێسك و نابێت برین بەسەر جەستەیەوە دیار بێت.”
لە یاساكەی تاڵیبان ئەوەش هاتووە كە ئەگەر برینداربوونێكی سەخت بسەلمێنرێت، زۆرترین سزا تەنیا 15 رۆژ زیندانییە. بەڵام چاودێران پێیان وایە سەلماندنی ئەمە مەحاڵە، چونكە ئافرەت دەبێت برینەكانی نیشانی دادوەرێكی پیاو بدات لەكاتێكدا خۆی بە تەواوی داپۆشراوە و دەبێت سەرپەرشتیارێكی پیاوی لەگەڵ بێت، زۆرجار خودی ئەو هاوسەرەیە كە دەستدرێژییەكەی ئەنجامداوە.
لە یاساكەدا رێگری لە هەڵاتنی ژنانیش دەكات “هەر ئافرەتێك بەهۆی توندوتیژییەوە ماڵی خۆی بەجێبهێڵێت و بچێتە ماڵی دایك و باوكی، سزای تا سێ مانگ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. هەروەها ئەو ئەندامانەی خێزانەكەشی كە داڵدەی دەدەن، رووبەڕووی هەمان سزا دەبنەوە.”
لە بەشێكی دیكەی یاساكەدا، جیاكاری لە نێوان خەڵكی ئازاد و كۆیلە كراوە. دادوەرەكان دەتوانن بەگوێرەی پێگەی كۆمەڵایەتی سزا بدەن؛ بۆ نموونە زانایانی ئایینی لەسەر هەمان تاوان تەنیا ئامۆژگاری دەكرێن، بەڵام كرێكاران رووبەڕووی سزای جەستەیی و زیندان دەبنەوە.
ئەم یاسایە ئەو چوارچێوە یاساییانەی ساڵی 2009 هەڵدەوەشێنێتەوە كە هاوسەرگیری زۆرەملێ و دەستدرێژی بە تاوان دەزانی. جگە لەمەش، یاسا نوێیەكە رەخنەگرتن لە بڕیارەكانی تاڵیبان و “گاڵتەكردن بە بڕیارە ئیسلامییەكان” بە تاوان دەناسێنێت و سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ دیاری كردووە.
چاودێران پێیان وایە ئەمە گۆڕانی تاڵیبانە لە بزووتنەوەیەكی چەكدارییەوە بۆ حكوومەتێك كە كۆنتڕۆڵی رەهای بەسەر وردوكارییەكانی ژیانی تایبەتی و گشتیی هاووڵاتیاندا هەیە، بەتایبەتی ئافرەتان كە لە دوای ساڵی 2021ەوە بەردەوام مافەكانیان لێ زەوت دەكرێت.


































































