نووسینی: گەلان جەبار
زمان، نەک هەر ئامرازی ئاخاوتن، بەڵکوو قەڵایەکی نەتەوەییە. لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، کاتێک جیهان ئاهەنگ بۆ فرەچەشنی دەگێڕێت، پێویستە ئێمەی کورد بە شانازییەوە ڕوو لە چیاکانمان و مێژووەکەمان بکەین و بڵێین: ئێمە بە زمانەکەمانەوە ماوین. زمانی کوردی، ناسنامە و هەناسەی نەتەوەیەکە کە لەناو گەردەلوولی سڕینەوە و قەدەغەکردندا، بە سەربەرزی خۆی پاراستووە.
کاتێک دەڵێین “ژن، ژیان، ئازادی”، دەبێت ئەوە بزانین کە ئازادیی زمان، کلتوور و ناسنامەمان لە “ژن”ـەوە دەست پێدەکات. ژن یەکەم مامۆستا و یەکەم پارێزەری زمانی دایکە؛ ئەو لایە لایەیەی دایک بە گوێی منداڵەکەیدا دەیچرپێنێت، یەکەم خشتی ئەو قەڵا پتەوەیە کە ناوی زمانە. پاراستنی زمان لەلایەن ژنی کوردەوە، بەرگرییەکی پیرۆزە لە مانەوەی نەتەوەیەک، پاراستنی زمانی کوردی تەنها لە نووسیندا نەبووە؛ ملیۆنان دایکی کورد لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیڕۆک، لاوک، حەیران و لاوانەوەوە، زمانەکەیان لە سڕینەوە پاراستووە و گەیاندوویانەتە دەستی ئێمە.
وەک کچێکی کورد کە لە تەمەنی ١٦ ساڵییەوە قەڵەمی وەرگێڕانم گرتووەتە دەست، بڕوام وایە زمانی کوردی پێویستە بچێتە ناو کایە نوێیەکانی سەردەم. بۆیە تێکۆشاوم هەزارەها بابەتی ئینگلیزی کە سەرچاوەیان بە کوردی نەبووە، بکەمە کوردی؛ بۆ ئەوەی گەنجی کورد بە زمانی دایکی، فێری زانستی سەردەم بێت.
لە ناو پۆلەکانمدا وەک مامۆستا، تەنها وانەی زمان ناڵێمەوە، بەڵکوو “پیرۆزیی زمان” دەچێنم. بە قوتابیانم دەڵێم: “هەر وشەیەکی کوردی کە دەینوسن، بەردێکە لە قەڵای نەتەوەکەتان.”
وەک یەکەم کچە یوتوبەری ناوچەکەم، سۆشیاڵ میدیام کردووەتە سەکۆیەک بۆ ئەوەی بیسەلمێنم کە دەبێت تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد (AI) ناچار بکەین بە کوردی بدوێن.
تەوەرەی ئەمساڵی یونسکۆ (٢٠٢٦) بۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک کە دەڵێت: “دەنگی گەنجان لە پەروەردەی فرەزمانیدا”، ڕێک ئەو پەیامەیە کە من ساڵانێکە کاری بۆ دەکەم. گەنجانی کورد نابێت تەنها “وەرگر” بن، بەڵکوو دەبێت ببنە “داهێنەر” و ڕێبەرایەتی گۆڕانکارییەکان بکەن. فێربوون بە زمانی دایک مافێکی بنەڕەتییە و ڕێگەی سەرەکییە بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
پەیامی من بۆ هەموو گەنجانی کوردستان:
ئێمە خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین و کۆنترین زمانەکانی زەوین. با بە کوردی بنووسین، بە کوردی بیربکەینەوە و سۆشیاڵ میدیاکانمان بکەینە ئاوێنەی شکۆی زمانەکەمان. من وەک کچێکی ئەم نیشتمانە، تا دوا هەناسە لە گەیاندنی پەیامی ڕەسەنایەتی و جوانیی زمانی کوردی بەردەوام دەبم.
چونکە زمانی ئێمە، تەنها قسەکردن نییە؛ ژیانەوە و ئاییندەی ئێمەیە.


































































