ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە هێرشێکی سەربازی بەرفراوان بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات، لەکاتێکدا پنتاگۆن هێزێکی هێرشبەری بەرچاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆ دەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بەرپرسانی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاندووە، هێزهكان کە چەند هەفتەیەکە کۆ دهكرێنهوه، چاوەڕێی هاتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد و کەشتییە جەنگییەکانی هاوڕێیی دەکات. فەرماندە سەربازییەکان هەفتەی ڕابردوو فەرمانیان بە کەشتییەکان کرد لە دەریای کاریبیەوە بەرەو ناوچەکە، بڕۆن.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، کەشتیەکان ڕۆژی پێنجشەممە لە گەرووی (جبل طارق) نزیکبوونەتەوە، ئەمەش وایکرد كه بتوانرێت لەماوەی چەند ڕۆژێکدا هێرش بکرێتە سەر ئێران.
بەرپرسان پشتڕاستیان کردەوە، ئیدارەکە دەیەوێت هەمووان بزانن کە تواناکانی شەڕکردن لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات. بەڵام بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر کردەوەی سەربازی داوە یان نا.
هەندێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئۆڵۆمپیادی زستانەی بەردەوام کە ڕۆژی یەکشەممە لە ئیتاڵیا کۆتایی دێت، لەنێو ئەو ڕەچاوکردنانەدایە.
دانیال بی شاپیرۆ، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل و بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، وتی ئەمەریکا بە پاڵپشتی ئیسرائیلی هاوپەیمانی، “ههژموونێكی سەربازیی بهرفراوانى” بەسەر ئێراندا دەبێت.
بەڵام شاپیرۆ هۆشداری دا لەوەی ململانێی سهربازى گەورە لەگەڵ ئێران مەترسیی بەرچاوی ههیه، لەوانەش مووشەکی بالیستی کە توانای کوشتنی سەربازانی ئەمەریکى هەیە لە ناوچەکە، تۆڕێکی هێزی بە وەکالەت لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە توانای ئەوەی هەیە بە خێرایی هەر هێرشێک بەرەو شەڕێکی فراوانتر و وێرانکەرتر پەرەپێبدات، هەروەها ئەگەری پەککەوتنی گەورەی کەشتیوانی دەریایی و بازاڕی نەوتی جیهانی هەیە.