21ـی شوبات، رۆژی جیهانیی زمانی دایک، یادکردنەوەی ئەو زمانانەیە کە ناسنامەی گەلان پێکدەهێنن. ئەم رۆژە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و ململانێی سیاسی و فەرهەنگی لەپشتە کە جیهان بۆ پاراستنی هەمەجۆریی زمانەکان بەسەریدا دەمێنێتەوە.
مێژووی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952، کاتێک بەنگلادیشی ئێستا کە بەشێک بوو لە پاکستان، لە ململانێدا بوو بۆ ناساندنی زمانی “بەنگالی” وەک زمانێکی فەرمی. دوای ئەوەی حکوومەتی پاکستان تەنیا زمانی ئوردوی وەک زمانی فەرمی ناساند، بەنگالییەکان راپەڕین. لە 21ـی شوباتی 1952، پۆلیس تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. ئەم خوێنە بووە هەوێنی بزووتنەوەیەکی سیاسی و فەرهەنگی کە سەرەنجام لە ساڵی 1971سەربەخۆیی بەنگلادیشی لێکەوتەوە. لە ساڵی 1999دا، لەسەر داوای حکوومەتی بەنگلادیش، یۆنسکۆ ئەم رۆژەی وەک “رۆژی جیهانیی زمانی دایک” ناساند.
بۆ کورد، زمانی دایک تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو سەنگەرێکی بەرگرییە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کە سیاسەتی یەک دەوڵەت و یەک زمان باڵادەست بوو، کورد رووبەڕووی شاڵاوی تواندنەوە (تەعریب، تەتریس، تەفریس) بووەوە.
لە پاڵ خەباتی چەکداری و سیاسی، خەباتێکی ئەکادیمی و فەرهەنگیی گەورە هەبووە بۆ پاراستنی زمان. زانایانی وەک “ئەمیر حەسەنپوور” رۆڵێکی کاریگەریان گێڕا لە ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا. حەسەنپوور لە رێگەی لێکۆڵینەوەکانیەوە، بەتایبەت لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵناسیی زمان، هەوڵیدا بایەخ و مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و زارەکانی بۆ جیهان روون بکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی نەوەکانی داهاتووی کورد بێبەش نەبن لە مافی خوێندن و ئاخافتن بە زمانی دایک.

































































