بەدران ئەحمەد حبیب
وەک نەریتێکی مێژوویی، دوای کەوتنی هەر سیستەمێکی دیکتاتۆری، وڵاتان دەشێوێن، ئەم شێوانە زۆربەی جار خوێناوی دەبێت و کاتێکی زۆری دەوێ تا دەنیشێتەوە و هێوری دەست پێ دەکاتەوە،
بۆ نموونە یۆگۆسڵاڤیا، کە لە کەوتنی سۆڤیەتەوە، شێوا و سەردەمێکی خوێناوی دەستی پێ کرد، بەڵام دواجار نیشتەوە، هەروەها لیبیا ١٥ ساڵ زیاترە لە گێژاودا ساڵان بەڕێ دەکات، هەروەها یەمەن، هەروەها عێراقی لەمەڕە خۆمان هەرچەندە بوونی ئەمەریکا لە ٢٠٠٣وە رێگر بوو لە تەقینەوەی ناوەخۆ، هەرچەندە هەر تەقیەوە، جارێک لە ٢٠٠٦ و جاری دووەم لە ٢٠١٤،
دوا نموونە سووریایە، ئەویش هەروەها، ئەگەر ئەورووپا و ئەمەریکا نەبوونایە دەبوو بە گۆماوی خوێنی شەڕی ناوەخۆیی،
ئەمەی سەرەوە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا رووی داوە، کە سیستەمی دیکتاتۆری وای کردبوو کێشەی زۆر بۆ دەیان ساڵ لە ناوەخۆدا پەنگ بدەنەوە،
وڵاتانی ئەم ناوچەیەی ئێمە زۆرینەیان لە تەقینەوەی ناوەخۆی ئێران دەترسن، بەڵام ئەمە هەر روو دەدات ئێستایش نەبێت دە ساڵی تر، کارەساتێکە لە نێوانی ئەمڕۆ و سبەیدا،
تورکیا و سعوودیە و گەلێک وڵاتی تر لە کەوتنی کۆماری ئیسلامی و کەوتنەوەی ئاژاوە و شەڕی ناوەخۆیی دەترسن، بەڵام هیچ چار نییە وەک وتم، تەقینەوە هەر روو دەدات،
وەک وتمان هەبوونی ئەمەریکا لەم کەوتنەی ئێراندا، ئەگەر هاتو رووی دا، دەستەبەرە بۆ کۆنترۆلکردن، ئەمەیش باشترە لەوەی دە ساڵی تر بکەوێت و هیچ هێزێکی دەرەکی چاودێر و دەستەبەری نیشتنەوەی تەقینەوە نەبێت،
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیستەمێکی دیکتاتۆری، تەمەنی تەواو بووە، گەل گەییوەتە بینی و داوای ماف دەکات بە تایبەتی دوو مافی زۆر گرینگ، یەکەمیان: بژیویی ژیان و دووەم: مافی ئافرەت، بێگومان مافی گەلانی سەرکوتایەوەیاس کەمتر نییە لەو دووەی باسم کرد، جگەلەمانە دەمێکە، لە کەوتنی سۆڤیەتەوە، سەردەمی سیستەمی سەرتاپاگری (شمولی) بەسەر چووە و ئیتر گەلان داوای پێشکەوتن و مافی تاکی سەربەخۆ دەکەن،
منی کورد، لە هیچ ناسڵەمێمەوە لە حەزی گۆڕانی ئەم سیستەمە دواکەوتووە، کە جگە لەوەی رۆهەڵاتی ناوەڕاستی راگێڕاوە و دەست لە ورد و درشتی کاروباری ناوەخۆیان وەردەدا، هەروەها دەریش کەوت ئەم چوار وڵاتە تەنیا ئەو کاتە ددان بە مافی کورددا دەنێن، کە گڵۆڵەیان بەرەو لەناوچوون بکەوێتە لێژی و هەڵدێران،
مافی گەلی کوردستان مەحاڵە بێتە دی بێ تەقینەوەی ناوەخۆیی و هەڵدێرانی ئەم وڵاتانە، کارەساتێکە ناچارییە دەبێ هیوای گەرمی بۆ بخوازین.


































































