نووسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
مانگی ڕەمەزان وەرزی نوێبوونەوەی ڕۆحە، ئەنجامدانی کەڵەشاخ بەشێوازێکی زانستی و تەندروستی تێیدا دەبێتە وەرزی نوێبوونەوەی جەستەش. وەک شارەزایەکی ئەم بوارە، ڕێنماییتان دەکەم چۆن لەم مانگە پیرۆزەدا، سود لەم چارەسەرە وەربگرن بۆ زیادکردنی وزە و نەمان وکەمکردنەوەی تەمەڵی، سەر ئێشە و تەشەنوجات، گرژی ماسولکە.
ڕێنمایی و ئامۆژگاری پێویست بۆ پێش و پاش ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ ڕۆژووان لە مانگی ڕەمەزاندا :
١_ باشترین کات بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە ڕۆژدا” لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بۆ دوای نوێژ عەسر کەڵەشاخ دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی هیچ نەخۆشییەکی درێژخایەنیان نییە، زۆر تێنو برسی و بێ هێز نەبن، فشاری خوێنیان جێگیرە، یان چارەخواز، ڕۆۆژووان دەتوانن لەدوای نوێژی عەسر بۆ نزیک بانگی ئێوارە کەڵەشاخ بکات و بڕوات ئیسراحەت بکات تاکاتی بانگدان.
٢_ ئەو کەسانەی فشاری خوێنیان نزمە و زەختیان دادەبەزێت، یان زۆر تێنو برسی و بێ هێز دەبن باشتر وایە لەدوای دوو کاتژمێر لە ڕۆژوو شکاندن و نان خواردن ئینجا کەڵەشاخیان بۆ بکرێت، یان لەدوای نوێژی عیشا و نوێژی تەراویح دەتوانن کەڵەشاخ بکەن تا کاتژمێر ١١ی شەو دروستە کەڵەشاخ ئەنجام بدرێت، کەڵەشاخ لە شەودا یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی ئاستی ئینسۆلین و باشترکردنی کوالێتی خەو کە لە ڕەمەزاندا تێکدەچێت.
٣_ پێش پارشێوکردنیش ڕۆژووان، چارەخوازان دەتوانن کەڵەشاخ بکەن کاتێکی باش و گونجاوە، بەڵام بەو مەرجە لەدوای کاتژمێر ١٢ی شەو هیچ خواردن و خواردنەوەیەک نەخوات تا نزیکی پارشێوکردن ئینجا کەڵەشاخ بۆ بکرێت.
سوودە زانستییەکانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ بۆ تەندروستی مرۆڤ لەمانگی ڕەمەزاندا:
١_ چالاککردنی سووڕی خوێن، بەهۆی کەمبوونەوەی جووڵە یان گۆڕانی سیستەمی خۆراک لە ڕەمەزاندا، ئەگەری تەمەڵی سووڕی خوێن هەیە. کەڵەشاخ یارمەتی کەمکردنەوەی چڕی خوێن دەدات و ڕۆیشتنی خوێن بۆ ئەندامە سەرەکییەکان خێرا دەکات، ئەمەش هەستی ماندوێتی و بێهێزی کەم دەکاتەوە.
٢_ پاککردنەوەی جەستە لە ماددە ژەهراوییەکان (Detoxification)
ڕۆژوو گەورەترین پڕۆسەی خاوێنکردنەوەی جەستەیە. کەڵەشاخ وەک تەواوکارییەک کاردەکات بۆ دەرکردنی ژەهراوییەکان نیشتووەکان ژێر پێست و ترشەڵۆکە زیادەکان کە لە دەمارە موولولەکاندا کۆبوونەتەوە، ئەمەش پەستانی سەر جگەر و گورچیلە کەم دەکاتەوە.
٣_ ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆژی و خەو گۆڕانی کاتی خواردن و خەو لە ڕەمەزاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆنەکان (وەک کۆرتیزۆڵ و مێلاتۆنین). کەڵەشاخ یارمەتی هاوسەنگکردنی کۆئەندامی دەمار دەدات، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و باشترکردنی کوالیتی خەو لە شەودا.
٤_ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە کەڵەشاخ کاردەکات بۆ هاندانی خڕۆکە سپییەکانی خوێن و چالاککردنی گرێ لیمفاوییەکان. ئەمەش وادەکات جەستەی ڕۆژووان بەرگرییەکی باشتری هەبێت لە بەرامبەر هەوکردن و نەخۆشییە وەرزییەکان.
پرسیار بۆچی هەندێ کەس لەکاتی ئەنجامدانی کەڵەشاخ لەڕۆژدا زۆر هیلاک و ماندوو دەبن و فشاری خوێنی دادەبەزێت؟
چونکە لە کاتی بەڕۆژووبووندا، قەبارەی پلازمای خوێن کەمدەکات
کاریگەری هەیە لەسەر شلەمەنییەکانی لەش(Hemodynamics)
بەهۆی نەخواردنەوەی ئاو، بۆیە ئەنجامدانی کەڵەشاخ لەم کاتەدا (پێش بەربانگ) مەترسی دابەزینی فشاری خوێن (Hypotension) زیاد دەکات، کەڵەشاخ دەبێتە هۆی سووتاندنی وزە و چالاککردنی زیندەچالاکییەکان. ئەگەر لە کاتی ڕۆژوودا بکرێت، لەش ناچار دەبێت پەنا بۆ پاشکۆی گلایکۆجین لە جگەردا ببات، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتییەکی توند (Exhaustion).
تێبینی: کەڵەشاخ بە ڕۆژ و شەو دەکرێت، بەڵام بەپێی ڕێنمایی زانستی و پزیشکی کەڵەشاخ، سەرەتا دۆخی جەستەیی و تەندروستی چارەخوازەکە لەبەرچاو دەگیرێت ئایا فشاری خوێنی دادەبەزێت و زۆر تێنو و برسی و ماندوو و بێ هێزە؟ ئەگەر هیچ کێشەیەکی نەبوو لەوانەی باسم کرد دەتوانێ کەڵەشاخی بۆ بکرێت لەڕۆژدا بەڵام ئەگەر فشاری خوێنی دادەبەزێت و زۆر تێنو و برسی و ماندوو بێ هێزە نابێت کەڵەشاخی بۆ بکرێت تا دوای بانگی ئێوارە و ڕۆژی شکاندن و دوای دوو کاتژمێر نان خواردن دەتوانێ کەڵەشاخ بکات.


































































