ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە کاتێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێشتا ئومێدیان بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بەڵام خۆشیان بۆ سیناریۆی شکستی دانوستان و ئەگەری شەڕ ئامادە دەکەن. حکومەت لە تاران ئەم ساتە بە هەڕەشەیەکی بێ وێنەی دەیان ساڵی رابردزز بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێت و دەستی بە توندوتۆڵ كردنی زنجیرەیەک ڕێکاری سەربازی، ئەمنی و ناوخۆیی بۆبەهێز كردنی تواناكانی بۆ مانەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەگەریدا.
بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە، ئیران هێزەکانی لە ئاستی سەربازیدا گوڕیوەو پێکهاتەكانی بۆ فەرماندەیی لامەرکەزی کردووە و دەسەڵاتی زیاتری بە فەرماندە ناوخۆییەکان داوە بۆ پاراستنی توانای کاردانەوە ئەگەر پلە باڵاکانی فەرماندەیی بکرێنە ئامانج.
هەروەها بوونی سەربازی خۆی لە گەرووی هورمز بەهێزتر کردووە و ژمارەیەکی زۆر مووشەکیشی ئامادەیە بۆ تەقاندنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ئەم رۆژنامەیە، تاران هەنگاوی ناوە بۆ بەهێزکردن و ڕەقکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، وێنە مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی تونێلەکان و شوێنە ژێرزەمینییەکان بە چینە کۆنکرێت و پارێزەرەکان بەهێزکراون بۆ ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان یان ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان بۆ لەناوبردن یان دەستگەیشتن بە کەرەستەی پیتێندراو قورستر بێت.
هەروەها لە ناوخۆشدا حکومەت هەوڵدەدات لە ئەگەری دروستبوونی شەڕدا ناڕەزایەتی نوێ دروست نەبێت. هێزە ناوخۆییەكان خاڵی پشکنینیان لە تاران داناوە و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بەردەوامە. بەڵام ناڕەزایی گشتی لە قەیرانی ئابووری و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان هەروا بەرزە و ناڕەزایەتیی پچڕپچڕ و دروشمی دژە حکومەت بەردەوامە.


































































