سەرەڕای ئەوەی شاندی تاران و واشنتۆن باس لە پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا دەکەن، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا گەشبین نین بە چارەسەری کێشەکان.
ڕۆژی چوارشەممە 12_2_2026. ڕۆژێک دوای دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن لە جنێڤ، ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە: ئیدارەی ترەمپ لە ئەگەری گرتنەبەری کردەی سەربازیی بەربڵاو لە دژی ئیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکترە لەوەی کە ئەمریکییەکان بیری لێدەکەنەوە، ئەو دەزگا میدیاییە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسیویەتی، ئەم ئۆپراسیۆنەی سەربازیی ئەمریکا پێدەچێت هەڵمەتێکی بەرفراوان بێت و چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و زیاتر بە شەڕێکی گشتگیر دەچێت، نەک وەک ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامدرا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، پێدەچێت ئەم هەڵمەتە سەربازییە بە هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بەڕێوەبچێت و زۆر فراوانتر بێت لەو شەڕە ١٢ ڕۆژەی چەند مانگی رابردوو، كە مەبەست تەنها لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانی ئیران بوو.
دوابەدوای دواکەوتنی رێككەوتن لە لایەک و ناردنی بەلەمێکی زەبەلاحی فڕۆكە هەڵگری جەنگی بۆ ناوچەکە، پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئەگەر تاران و واشنتۆن نەگەنە ڕێککەوتن چی ڕوودەدات و ئەگەری شەڕێکی چۆن دەبێت.
ئاکسیۆس لە درێژەی قسەکانیدا نووسیویەتی ” پێناچێت لەم کاتەدا رێككەوتن بێتە ئاراوە”.
جارێد کوشنەر و ستیڤ ویتۆک ڕاوێژکارانی ترەمپ ڕۆژی سێشەممە لە جنێڤ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و لە کاتێکدا هەردوولا ڕایانگەیاند” دانوستانەکان بەرەوپێشچوونە، بەڵام ئەوەی بە شێوەی مەیدانی دەبیندرێت، بە تایبەتی لە بواری بەهێز كردنی هێزە سەربازییەكان و نمایشەكان ئاماژەن بۆ دابەشبوونێکی قووڵی نێوان تاران و واشنتۆن، بە تایبەتی كە ئەمریکییەکان گەشبین نین بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن.
لە لایەكی دیكەوە ئاژانسی ئیندی پێندێت، بە پشت بەستن بە زانیارییەكانی پێگەی(رۆیتەرز) بڵاوی کردەوە کە” بەڕپرسێکی باڵای ئەمریکا ڕاگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت تاران دوای گووتووێژەکانی ڕۆژی سێشەمە له جنێڤ، پێشنیازێکی جیاواز سەبارەت به چۆنییەتی دەرباز بوون لە بابەتە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەش بکات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، راوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە ژووری هەڵسەنگاندنی بارودۆخ، لەنێو کۆشکی سپی بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران کۆبوونەتەوە و پێیان گووتراوە هەموو ئەو هێزانەی ئەمریکا کە بۆ ناوچەکە رەوانە كراون دەبێت تا ناوەڕاستی مانگی ئازار (واتە 15_3_2026) لە شوێنەکانیان جێگیر بکرێن.
بە گووتەی ئەو بەرپرسە، بڕیارە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو واتە ٢٨ی شوبات لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، لە ئیسرائیل کۆببێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، پێویستە دەستبەجێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بگەنە ڕێککەوتن و کاتێکیش پرسیاری لەبارەی ئەو ماوەیەی کە ئەو دەیەوێت لێی كرا، گوتی” کاتەکە نزیکەی مانگێکە”، ئێستا هەفتەیەک لەو وادەیە تێپەڕیوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ماڵپەری ی-نێت بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەڵسەنگاندنی ئەگەری ململانێی سەربازی، ئاستی وریای هێزەکانی بەرزکردووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ و هەندێک لە یەکە ئۆپەراسیۆنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی بەرزەوە و کۆبوونەوەکانی هەڵسەنگاندنی ئەمنی بە چڕی بەڕێوەدەچن.
هەروەها پێداچوونەوە بە سیستەمی بەرگری و پلانەکانی وەڵامدانەوەی فریاگوزاری کراوە.
ی-نێت جەختی لەوە کردووەتەوە ” ئەم ڕێوشوێنانە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی خۆپارێزی گیراونەتەبەر و تا ئێستا هیچ فەرمانێکی فەرمی بۆ کردەوەی هێرشبەرانە دەرنەچووە”.
هەر چی ئیرانیشە، بەر لە دانوستانەكان و دواتریش، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر وەڵاتەكەی دەكات، بە تایبەتی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئیران لە وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ گووتی ” ئەمریكا خاوەن گەورەترین هێزیش بێت زلەیەكی وای بەر دەكەوێت كە تا ئێستا بەخۆیەوە نەی بینی بێت”.
جگە لەمەش هێزەكانی دەریایی ئیران دەستیان بە نمایشی سەربازی لە گەرووی هورمز كرد و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك هاتووچۆی پاپۆرە بازرگانییەكانی راگیرا”.


































































