مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات كە “دوابەدوای جموجۆڵە دژە ئێرانییەكان لە ئەڵمانیا و هەڵوێستی ڕووخێنەر و دژی مافی نێودەوڵەتی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كرا.”
بە پێی ڕاپۆرتی مێهر، ئەكسێل دیتمان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران لەلایەن عەلیڕەزا یووسفی بەرپرسی گشتی ڕۆژئاوای ئەورووپای وەزارەتی دەرەوەوە، بانگهێشت كراوە و ناڕەزایەتی توندی ئێران بە ناوبراو ڕاگەیەنراوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە لە ڕاپۆرتی مێهر ئاماژەی بۆ كراوە كە یووسفی وێڕای ئیدانەكردنی هەوڵ و جموجۆڵە دژە ئێرانییەكان، بەتایبەتی میوانداری و پاڵپشتی لە گرووپە توندئاژۆ و تیرۆریستییەكان گووتی “ئەو هەڵوێستانە دژی بنەماكانی مافی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەوڵەتی ئەڵمانیای بەدواوەیە.”

































































