د. عادڵ حوسێن
تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە هەرگیز مانای ئەوە نییە كە خەو تێكبچێت، بەڵكو مەسەلەكە پەیوەستە بە توندیی نیشانەكانی شەكرە یان ئاستی كۆنترۆلكردنی رێژەی شەكری خوێن، بۆنموونە ئاستی بەرزی شەكری خوێن لەكاتی شەودا هاندەرە بۆ زیاد میزكردن، ئەمەش تووشبوو جارێك یان زیاتر لە خەو بیدار دەكاتەوە و خەوی تێكدەدات. گرفتەكانی خەو كە پەیوەستن بە نەخۆشیی شەكرە بریتین لە: گرفت لە چوونە خەوەوە، پچڕبوونی خەو، لەگەڵ زیادنووستن. ئاستی بەرزی شەكری خوێن وادەكات كە ئاو لە شانەكانەوە رابكێشێت، ئەمەش هەستی وشكبوونەوە Dehydration پەیدادەكات كە یەكێك لە نیشانەكانی بریتییە لە هەستكردن بە تێنووبوون، ئەمەش تووشبوو لە خەو بیدار دەكاتەوە بە مەبەستی ئاوخواردنەوە. لە لایەكی ترەوە، لەكاتی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن كە حاڵەتێكی باوە لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە، چەند نیشانەیەك پەیدا دەبن كە خەوی تووشبوو تێكدەدەن، بۆنموونە سەرسووڕان، لەرزینی لەش Shakiness، ئارەقەكردن. ئەو حاڵەتانەی كە لە نەخۆشانی شەكرەدا زیاتر ئەگەری روودانیان لێدەكرێت و دەبنە هۆی شێواندنی خەو ئەمانەن: هەناسەتەنگی لەكاتی نووستندا Sleep apnea، ناڕحەتی قاچەكان لەكاتی نووستندا Restless leg syndrome ، خەوزڕان Insomnia كە زیاتر لەبەر ئاستی بەرزی سترێَس هاوكات لەگەڵ ئاستی بەرزی شەكری خوێندا روودەدات.

































































