زاری كرمانجی :
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە ڕاگەیاندراوێكدا 17 ڕێنمایی بۆ مانگی ڕەمەزان ڕادەگەیەنێت .
بە گوێڕەی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، مزگەوتەكان پێویستە لەم مانگەدا پابەندییەكی تەواویان بە ئیمساك و خشتەكانی كاتی بانگدان هەبێت، ئاماژە بەوەش كراوە كە هەر كەناڵێكی ڕاگەیاندن یان لایەنێك، زانیاریی نادروست لەسەر ڕێكەوتی دەستپێكردن یان كۆتاییهاتنی مانگی ڕەمەزان بڵاو بكاتەوە، بەرپرسیار دەبێت لە دەرەنجامە یاساییەكان.
لە ڕاگەیاندراوێكی وەزارەتی ناوبراو ڕێكاری وتارەكان و ئەنجامدانی نوێژی تەراویحیش دیاریكراوە و هاتووە “وتارەكانی دوای نوێژی عەسر نابێت لە 20 خولەك زیاتر بن و تەنیا لەلایەن مامۆستای فەرمیی مزگەوتەكەوە پێشكەش دەكرێن، بەو مەرجەی تەنیا مایكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت بەكار بهێنرێت.” هەروەها “لە 10 شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزاندا دەرگای مزگەوتەكان بۆ عیبادەت كراوە دەبن. تەنیا پێشنوێژ و وتار خوێنی فەرمیی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینییەكان و نوێژی تەراویح ئەنجام بدات و هەر مەراسیمێكی تایبەتیش دەبێت لەژێر چاودێریی وەزارەتی ئەوقافدا بێت.”
دیاریكردنی بڕی زەكات و پاراستنی ژینگەی گشتی، لە نێو ڕاگەیاندراوەكەدا بەم شێوەیە باسی لێوە كراوە “پێویستە پابەندبوون بەو فەتوایانە هەبێت كە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای فەتواوە بۆ دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفیترە و فیدیە دەردەچن. چێشتخانە، كافتریا، دووكان و بازاڕەكان ڕاسپێرراون كە ڕەچاوی پیرۆزیی مانگی ڕەمەزان بكەن و هەستی ڕۆژووەوانان بپارێزن. هاوكات لە دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەتدا، لە ماوەی ئەم مانگەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك پێشكەش ناكرێت.”
وەزارەتەكە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیشی ئاگادار كردووەتەوە كە تایبەتمەندیی مانگی ڕەمەزان لەبەرچاو بگرن. بۆ بابەت و بەرنامە ئایینییەكان، دەشڵێت “تەنیا ڕێگە بە میوانداریی مامۆستایانی ئایینیی فەرمی و كەسانی پسپۆڕ بدرێت تاوەكوو زانیارییەكان بە وردی و دروستی بگاتە هاووڵاتییان.”

































































