زاری كرمانجی :
وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنییدا هۆشداری لەبارەی بارودۆخی دارایی و ئابووری وڵات دەدات و دەڵێت “لە ئێستادا عێراق لەبەردەم لێواری هەڵدێردایە.”
محەممەد تۆفیق عەلاوی، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت “نیشانەكانی ئەم قەیرانە دەركەوتوون، لەوانە بڕینی دەرماڵەكان و كەمكردنەوەی مووچە و زیادكردنی باجی گومرگی، كە بوونەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە شەقامەكاندا.”
دەشڵێت “هەر مانگێك لە مانگی پێشوو سەختتر دەبێت، چونكە هاوكێشەی دارایی وڵات زۆر سادەیە و بریتییە لە ناهاوسەنگییەكی گەورە لە نێوان داهات و خەرجییەكاندا، بە جۆرێك كە خەرجییەكان زۆر زیاترن لەو داهاتەی دەستدەكەوێت.”
حكومەتی عێراق، زۆرینەی داهاتی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستدەكەوێت و لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، دووچاری قەیرانی دارایی بووەتەوە، بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی خۆی پەنای بردووەتە بەر زیاد كردنی باج و گومرگ، هەر وەكوو عەلاوی ئاماژەی بۆ دەكات .

































































