مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە ڕاگەیاندراوێكی دا هۆشداری بە هاووڵاتییانی دەدات كە بە هیچ شێوەیەك سەردانی شارە كوردییەكانی توركیا نەكەن و دەشڵێت “توركیا لەو شارانەدا بە بیانووی چەواشەكاریی هاووڵاتیی تێدا دەستگیر دەكات.”
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەو شارانەی هۆشداریی لەبارەوە دراوە شارەكانی (شرناخ، مێردین، جۆلەمێرگ، ڕووها) ی باكووری كوردستانن .
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەشڵێت “بەهۆی نزیكییان لە سنوورەكانی عێراق، سووریا و ئێران، باشترە گەشتیارانی ئەڵمانی سەردانی ئەو شارانە نەكەن، بەهۆی یاساكانی توركیا و “بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی چەواشەكار”، ئەگەری دەستگیركردن و ڕێگریكردن لە گەشتكردن هەیە بەهۆی دەربڕینی بیروڕا یان بڵاوكراوەكانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.”
وەزارەتی ناوبراو جەخت لەوەش دەكاتەوە “ڕەنگە هەندێك دەربڕین لە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندا بن، بەڵام لە توركیا وەك تاوان هەژمار دەكرێن.”


































































