شیتال عبدالعزیز جمیل
ئایا تا ئێستا هەستت کردووە کە بۆنی بارانی سەر خۆڵ، یان گۆرانیەکی کۆن، وەک “ئامێری گەشتکردن بە کاتدا” دەتبات بەرەو سوچێکی ئارام؟ لە کاتێکدا ئێستا پڕە لە ژاوەژاو و داهاتووش وەک تەمومژێکی نادیارو ترسناک دەردەکەوێت، مێشکمان بە بێدەنگی بەرەو کۆگای یادەوەریەکانمان دەخزێت. بەڵام ئایا ئەمە تەنیا دڵتەنگیەکی سادەیە بۆ ڕابردوو؟ یان فێڵێکی زۆر ژێرانەی بایۆلۆژیە کە مێشک بۆ ڕزگارکردنی ئێمە لە داڕمانی دەروونی دەیخاتە گەڕ؟ لە پشت ئەم پەردە سۆزداریەوە، مڵمڵانێیەکی ئاڵۆزی کیمیایی و دەماری هەیە. لێرەدا ئێمە دەچینە ناو قووڵایی «پارادۆکسی نۆستالژیا»؛ ئەو شوێنەی کە دۆپامین وەک دەرمانێکی ئارامکەرەوە لە ناو دەمارەکانماندا دەڕژێت، تاوەکو ڕابردوویەکی “پاڵفتەکراو” و بێگەردمان بۆ بونیاد بنێتەوە. وەرن با پێکەوە بزانین بۆچی مێشکمان وەک وێنەگرێکی لایەنگر، تەنیا ڕەنگە گەشەکانی ڕابردوو دەهێڵێتەوە و ڕەنجەکان لە فڵتەری کات دەدات.
لە ڕوانینی یەکەمدا، ڕەنگە «نۆستالژیا» وەک تەمومژێکی سۆزداری یان خەریبوییەکی سادە بۆ ڕۆژگارە ڕابردووەکان بێتە بەرچاو؛ بەڵام لە دیدگای دەروونناسی بونیادگەر و زانستی دەمارناسیەوە، ئەم دیاردەیە لە حەسرەتێکی کاتی تێدەپەڕێت. نۆستالژیا لە ڕاستیدا میکانیزمێکی خۆگونجێنەرە کە مێشک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی دەروونی لە هەمبەر ئەو شڵەژانانەی لە گۆڕانکارییە بنەڕەتیەکانەوە سەرچاوە دەگرن دەیخاتە گەر. لە ڕوانگەی بایڵۆژیەوە، چرکەساتە نۆستالژیکەکان تەنیا یادکردنەوە نین، بەڵکوو بە جۆرێک لە دووبارە چالاککردنەوەی سیستەمی پاداشت لەمێشکدا هەژمار دەکرێن. کاتێک مرۆڤ پەنا دەباتە بەڕ سێبەری ڕابردوو، کارلێکردنێکی ئاڵۆز لە نێوان هیپۆکامپ (ناوەندی جێگیرکردنی یادەوەری) و ئامیگدالا (ناوەندی پڕۆسێسکردنی هەیەجان) دێتە ئاراوە. ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی ڕژانی دۆپامین لە ڕێڕەوی پاداشتی مێشکدا. لە ڕاستیدا مێشک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دڵەخورپەیەی لە «نادڵنیایی ئێستا»وە چەکەرە دەکات، پەلاماری کۆگاکانی ئاسایشی ڕابردوو دەدات تا بە دەردانی ماددە کیمیاییە ئارامبەخشەکان، جۆرێک لە هاوسەنگی دەروونی ((Homeostasis بخوڵقێنێت. بە زمانێکی ئەکادیمیتر، نۆستالژیا «هێورکەرەوەیەکی فیسیۆلۆژی خودیە» کە مێشک لە ڕێگەی دوبارە خوێندنەوەی کۆدە پاداشتبەخشە کۆنەکان، دژی ئاڵۆزی و پەشێوی دەروونی ئێستا بەکاری دەهێنێت.
ئەو شتەی ئێمە وەک «ڕابردووی زێڕین» وێنای دەکەین، بەرهەمی پڕۆسێسکردنێکی ئەندازیاریکراوە. ئەو دیاردەیەی لە دەقە پسپۆڕیەکاندا بە (Fading Affect Bias) یان «لایەنگیری کاڵبوونەوەی سۆز» ناو دەبرێت، ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن مێشک بە تێپەڕبوونی کات، باری سۆزداری نەرێنی یادەوەریەکان بە خێراییەکی زۆر پتر لە باری ئەرێنیەکەیان دەسڕێتەوە. ئەنجامی ئەم پڕۆسەیە، خوڵقاندنی «ڕابردوویەکی پاڵفتەکراوە» کە تێیدا ڕەنجەکان پەراوێز خراون و چرکەساتە پاداشتبەخشەکان بەرجەستە کراونەتەوە. ئەمە نەک گێڕانەوەیەکی ڕاستگۆیانە، بەڵکوو «بونیادنانەوەیەکی نۆستالژیکە» بۆ پاراستنی شکۆی خود (Self-esteem).
لە جیهانێکدا کە ئەزموونەکان تێدا پارچە پارچە و پچراون مرۆڤ تووشی قەیرانی ” بەردەوامی خود ” دەبێت؛ نۆستالێژیا لێرەدا وەک لەنگەریک کار دەکات تا ڕێگری بکات لەوەی تاکی مۆدێرن لە ناو لێلی ئێستادا ناسنامەی خۆی لێ وون نەبێت. کاتێک گرێدراوی نێوان «منی ڕابردوو» و «منی ئێستا» بەهۆی زەبرە کۆمەڵایەتیەکانەوە شل دەبێت، نۆستالژیا وەک چەسپێکی دەروونی ڕۆڵ دەگێڕێت. ئێمە دەست بە ڕابردووەوە دەگرین، نەک لەبەر ئەوەی ڕابردوو بە ناچارییەوە باشتر بووە، بەڵکوو لەبەرئەوەی ڕابردوو «بڕاوە و بێگومانە». لە هەمبەر داهاتوویەکی لێڵ و دڵەڕاوکێهێنەردا، ڕابردوو تەنیا قەڵەمڕەوێکە کە تێیدا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو و لەناکاو بوونی نیە.
نۆستالژیا، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، نە نیشانەی لاوازیە و نە چەقینێکی ناتەندروستە لە ڕابردوودا؛ بەڵکوو میکانیزمێکی پەرەسەندنی ژیرانەیە بۆ خۆگونجاندن و “مانەوە لە ناو نادیاریدا”. مێشک لە ڕێگەی دووبارەخوێندنەوەی وەشانێکی نموونەیی (Idealized) لە ڕابردوو، هەوڵ دەدات مانا و ئاراستەیەک بە بوونی تاک ببەخشێت، تا لەو ڕێگە لێڵ و نادیارانەی داهاتوودا تێپەڕێت. ئێمە بۆیە پەنا دەبەینە بەر سێبەری ڕابردوو، تا ڕێگری بکەین لە داڕمانی دەروونی و کەوتنە ناو بۆشایی مانایی ئیستادا.

































































