مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند لە پەڕاوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و ستایشی هەوڵە بەردەوامەکانی ناوبراوی کرد بۆ پشتیوانیکردنی گەلی کورد.

مەزڵووم عەبدی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ئاماژەی بەوە کرد کە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بووە و نووسیویەتی: “کاک نێچێرڤان بەردەوام و بە شێوەیەکی نەگۆڕ پشتیوانیی لە ڕۆژئاوا و خەڵکەکەی کردووە.”
فەرماندەی گشتیی هەسەدە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی نێچێرڤان بارزانی لە پرسە نیشتمانییەکاندا و ڕایگەیاند: “ڕۆڵی جەنابیان لە هاندانی دیالۆگ، هێورکردنەوەی گرژییەکان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی، جێگەی پێزانین و ڕێزێکی زۆرە.”
لە کۆتایی تویتەکەیدا، مەزڵووم عەبدی گەشبینیی خۆی بۆ داهاتووی سیاسیی کورد دەربڕی و جەختی کردەوە کە “ئەم قۆناغەی ئێستا سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ یەکڕیزی و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ گەلی کورد.”

































































