ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و دیاریکردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات.

عەلی دیفاعی گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاندووه؛ کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی هومام حەموودی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەبشر یا عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر بارودۆخی ناوخۆیی و دەرەکی و پرسی یەکلاییکردنەوەی پۆستە باڵاکانی وڵات.
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دیفاعی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا نووری مالیکی تاکە کاندیدی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران و هیچ ناوێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە دیاری نەکراوە.
هاوکات لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات تاوەکو رێکارە دەستوورییەکان تەواو بکرێن.

































































