فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریكا بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەستپێكردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە پێكهاتەی سەرەتایی هەڵبژاردەكە بۆ یاریی پلەی ئۆفی پاشكۆی مۆندیالی 2026 ئاشكرا دەبێت.
دوای ئەوەی وێنەی بەشێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی بڵاو دەبێتەوە كە سەردانی كونسوڵخانەی ئەمریكایان لە بەغدا كردووە بە مەبەستی وەرگرتنی ڤیزای ئەمریكا بۆ ئەوەی لە ناوەراستی مانگی داهاتوو بۆ یاریی پلەی ئۆفی مۆندیال سەردانی مەكسیك بكەن.
لەنێو ئەو شاندەی سەردانی كونسوڵخانەی ئەمریكایان كردووە وێنە و ناوی هەردوو یاریزانی كورد (مستەفا قابیل و ئاكام هاشم)ـی تێدایە لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان (جەلال حەسەن، فەهد تاڵب، محەمەد ساڵح، مستەفا سەعدون، ئەحمەد یەحیا، كەرار نەبیل، ئەحمەد مەكنەزی، زەید ئیسماعیل، محەمەد تائی، محەمەد قاسم، ئەیمەن حوسێن، قوقیە و عەلی یوسف).
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو وێنە و ناسنامەی ئەو یاریزانانە، ئەلێكساندەر گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق توڕەبووە و پەیوەندی عەدنان درجال سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كردووە، بەڵام درجال رایگەیاندووە ئەو وێنانە لە لایەن كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە بەغدا بڵاوكراونەتەوە.

































































