زاری كرمانجی:
سوپای ئیسرائیل، لە باشووری لوبنان چەندین ناوچەی بۆردوومان كرد و ڕایگەیاند “كە بۆردوومانەكە لە دژی پێشێلكارییەكانی حزبوڵای لوبنانی ئەنجام دراوە.”
ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاوی كردەوە “سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی چەندین ناوچەی باشووری لوبنانی كردووە و فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆردوومانی ناوچەكانی مەلیخ، بەسیلە، چیای ڕیحان و دەوروبەری شارۆچكەی سەداجی سەر بە جەزینیان كردووە.”
ئاژانسەكە ڕاشیگەیاند “فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل چوار جار خانوویەكی چۆڵیان لە گەڕەكی كەسەیر لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچكەی مەیس ئەلجەبەل بۆردوومان كردووە.”
بەگوێرەی هەمان ئاژانس، ئێوارەی دوێنێ شەممە 14ـى شوباتی 2026، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشیان لە ناوچەی حەملی لە دەوروبەری شارۆچكەی حومینای سەرەو لە ناوچەی تفاح لە پارێزگای نەباتیە لە باشووری لوبنان ئەنجامداوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیلیش بانگەشەی ئەوەی كردووە، كە ئەم هێرشانە لە وەڵامی پێشێلكردنی ئاگربەستی حزبوڵای لوبنانی ئەنجام دراون.
سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەشی كردووە، كە هێرشەكانیان لە دژی ئامانجەكانی حزبوڵا ئەنجام دەدەن.































































