زاری كرمانجی- سۆران:
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بڵاویکردەوە” دوێنێ سێشەممە (٢٩/ ١١/ ٢٠٢٢) شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە (سوارە ئەکرەم) قایمقامی قەزای چۆمان و ( مەسعود باتێلی ) سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و (سیامەند ئیسماعیل) بەرێوەبەری گەنجینەی سۆران و (عەبدالوەهاب مەحموود) بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران و (ئەندازیار فەیسەڵ حوسێن ) بەڕێوەبەری کارەبای سۆران، پێشوازییان لە (محەممەد اللە داد) جێگری هەماهەنگی بازرگانی دەرەوەی کۆمپانیای (توانیر) کارەبای ئێران و(تاهیر کیا مهر) بەڕێوەبەری کارگێری دابەشکردنی کارەبای کۆمپانیای (توانیر) ئێران و بەرپرسی خزمەتگوزارییەکانی کارەبای پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و بەرپرسی کارەبای پیرانشەهر و شاندی یاوەریان کرد”.
وەک راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی حاجی ئۆمەران باسی لێوەدەکات ” مەبەست لە کۆبونەوەکە بۆ لە نزیک ئاگادار بوون بووە لەسەر کەرتی کارەبا و چۆنیەتی ئاڵوگۆری وزەی کارەبا لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کارەبای قەزای چۆمان و شارەدێی حاجی ئۆمەران”.
شاندی کارەبای ئێران ئامادەیی خۆیان نیشان دا لە سەر بەرفراوان کردنی تۆڕەکانی کارەبای شارەدێی حاجی ئۆمەران و دانانی هێلێکی نوێی کارەبا بۆ ناوچەکانی تری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تایبەتی بۆ قەزای چۆمان”.
کۆماری ئیسلامی ئیران لە ساڵی (٢٠٠٦) وە خزمەتگوزاری وزەی کارەبای بۆ شارەدێی حاجی ئۆمەران و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دابین کردووە.