مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند كە سعوودیە ڕێوشوێنی توندی لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان گرتووەتەبەر، بۆ ڕێگریكردن لە بردنە ژوورەوەی خۆراك و ئامێری چێشتلێنان لەلایەن عومرەكارانەوە بۆ وڵاتەكەیان .
ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـى شوباتی 2026، كاروان ستوونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “لە دەروازەی سنووریی عەرعەر (وشكانی)، لایەنی سعوودیە چاودێری و ڕێكاری زۆر توندی گرتووەتەبەر و ڕێگە بە عومرەكاران نادات بڕێكی زۆر خۆراك لەگەڵ خۆیان ببەنە نێو ئەو وڵاتە.”
دەشڵێت “بردنی ئامێری گەرمكەرەوە (هیتەر و تەباغ) بە پێی ڕێنمایییەكانی بەرگریی شارستانیی ئەو وڵاتە قەدەغەكراوە،”
بە گوتەی ستوونی هۆكاری ڕێگریكردنی سعوودیە لە بردنە ژوورەوەی خۆراك و ئامێرەكانی گەرمكەرەوە تێكچوونی خۆراك و ژەهراویبوونیەتی بە هۆی دووری ڕێگە و كەوتنەوەی كارەساتی نەخوازراوە .































































