بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە بودجە، گومرگ و خاڵە سنوورییەکان، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەكات.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەكات، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە، تاوتوێکردنی ئەو رێنمایی و رێکارە نوێیانەیە کە لە خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکانی عێراقدا جێبەجێ دەکرێن، بە تایبەت پرسی (سیستەمی ئەسیکۆدا Asycuda) کە کێشەی گەورەی بۆ خاوەنکار و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بوەتە ئاستەنگ لەبەردەم جووڵەی بازرگانی”.
رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە پرسی گومرگ، شاندەکەی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2026 و پرسی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەکەن، ئامانج لەم گفتوگۆیانە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە داراییانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە.































































