شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
گۆڕانی گروپی خوێن حاڵەتێكە تێیدا گروپی خوێن بەهۆی چەند هۆكارێك لە ماوەی تەمەندا دەگۆڕێت، دژە پەیداكەرەكانی گروپی خوێن یان شەكر یاخود پڕۆتینەكانن لەسەر رووی خڕۆكە سوورەكان هەن، لە كاتی ئاساییدا ئەم دژە پەیداكەرانە بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ ناگۆڕین، بەڵام دەكرێت كۆمەڵێك هۆكار ببنە هۆی گۆڕانیان و دەكرێ گۆڕانی گرووپی خوێنە بۆ ماوەیەكی كاتی یان هەمیشەیی بێت.
گۆڕانی گرووپی خوێن دوو جۆرن كە بریتین لە گۆڕانی كورت خایەن و درێژخایەن.
-كورت خایەن، لە كاتی گۆڕانی گرووپی خوێنی كورت خایەندا، بۆ ماوەیەكی كاتی گرووپی خوێن لە كەسەكەدا دەگۆڕێت، ئەم حاڵەتە بەهۆی زۆر وەرگرتنی خوێنەوە دروست دەبێت، بەڵام لە كاتی گۆڕانی گرووپی خوێنی درێژخایەندا بۆ هەمیشەیی گرووپی خوێنی كەسەكە دەگۆڕێت، لە كاتی چاندنی مۆخی ئێسك یان تووشبوون بە هەندێك بەكتریا كە كار دەكەنە سەر گرووپی خوێن ئەم حاڵەتە روودەدات.
ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی گۆڕانی گرووپی خوێن، هەندێك كات لەماوەی تەمەندا گرووپی خوێن دەگۆڕێت، روودانی ئەم حاڵەتە بەهۆی چەند بارودۆخێكی نائاساییەوە روودەدات وەك ئەمانەی خوارەوە:
-چاندنی مۆخی ئێسك
-تووشبوون بە شێرپەنجە
-هەوكردن
-نەخۆشی گورگەسوورە
-تووشبوون بە نەخۆشییە دژەخۆییەكان
-لە كاتی گواستنەوەی خوێن یان چاندنی ئەندامەكان لەنێوان دوو گرووپی خوێنی جیاوازدا، لە حاڵەتێكی گۆڕانی گرووپی خوێندا لە كاتی گواستنەوەی جگەر لە گرووپێكی خوێنی AB بۆ گرووپی خوێنی O بووە هۆی گۆڕانی گرووپی خوێنی وەرگرەكە بۆ گرووپی خوێنی AB بەشێوەیەكی كاتی.
چۆنیەتی گۆڕانی گرووپی خوێن، لە كاتی گواستنەوەی مۆخی ئێسك گرووپی، خوێنی كەسی وەرگر رەنگە بگۆڕێت بۆ گرووپی خوێنی بەخشەری مۆخی ئێسك، لە كاتی چاندنی مۆخی ئێسك خانەكانی دروستكردنی خوێن لە لەشی وەرگردا لەناو دەچن بە خانە دروستكەرەكانی خوێنی بەخشەر شوێنیان دەگیرێتەوە، بەم جۆرەش ئەگەر لە گرووپێكی خوێنی جیاوازەوە چاندنی مۆخی ئێسك ئەنجام بدرێت خانەكانی دروستكەری خوێنیش دەگۆڕێن و دەبنە هۆی گۆڕانی گرووپی خوێن لە كەسی وەرگردا.
لە هەندێك نەخۆشییە شێرپەنجەییەكاندا گۆڕانی گرووپی خوێن روودەدات، دەكرێت نەخۆشییە شێرپەنجەییەكان ببنە هۆی تێكچوونی ئەو ئەنزیمانەی لە دروستكردنی دژەجینەكانی گرووپەكانی خوێندا بەشدارن، بەزۆری حاڵەتەكانی گۆڕانی گرووپی خوێن بەهۆی شێرپەنجەی مۆخی ئێسك كاتییە و لەگەڵ چارەسەركردندا كەسەكە گرووپی خوێنی دەگەڕێتەوە بۆ گرووپی خوێنی پێشتری، هەندێك كات نەخۆشییە دژەخۆییەكان دەبنە هۆی تێكشكاندنی دژەپەیداكەرەكانی گرووپی خوێن، گرووپی خوێنی o- هیچ دژەپەیداكەرێك لەسەر خڕۆكە سوورەكانیان نییە، بەهۆی ئەمەش زۆرجار ئەو كەسانەی دووچاری نەخۆشییە دژەخۆییەكان دەبنەوە كە دەبێتە هۆی لەناوچوونی دژەپەیداكەرەكانی گرووپی خوێنی سەر خڕۆكە سوورەكانیان گرووپی خوێنیان بۆ o- دەگۆڕێت، هەندێك ئەنزیم لەلایەن بەكتریاكان لە كۆئەندامی هەرسدا دروست دەبن، كار لەو شەكرانە دەكەن كە گرووپەكانی خوێن دیاری دەكەن و ئەم ئەنزیمانە گرووپەكانی خوێن بۆ o- دەگۆڕن.
سوود وەرگرتن لە گۆڕانی گرووپی خوێن:
لە توێژینەوەیەكدا لە ساڵی ٢٠١٩ پزیشكەكان لە هەوڵی ئەوەدا بوون گۆڕانی گرووپی خوێن وەك رێگایەك بۆ زیادكردنی بەخشەرەكانی خوێن بەكاربهێنن، توێژەرانی شیكردنەوەی بەكتریای ناو ریخۆڵە بۆیان دەركەوتووە میكرۆبەكان دوو ئەنزیم دروست دەكەن، كە دەتوانن گرووپەكانی خوێن بە لابردنی شەكرەكانی سەر رووی گرووپەكانی خوێن بگۆڕن، لە كاتی ئەنجامدانی ئەم كردارەدا كاری زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو دژەپەیداكەرەكانی تایبەت بە دیاریكردنی گرووپی خوێن لەسەر رووی خڕۆكە سوورەكان گۆڕاون، هەروەها یەكێكی تر لە كێشەكان دڵنیابوون بوو لەوەی ئایا ئەم دوو ئەنزیمە لەگەڵ گۆڕینی دژەپەیداكەرەكان هیچ شتێكی تر لەسەر رووی خڕۆكە سوورەكانی خوێن ناگۆڕن كە كێشە بۆ تەندروستی كەسەكە دروست بكات، لەبەر ئەم هۆكارانە پێیان وابوو سەركەوتنی ئەم كردارە سنووردارە.
سەرچاوە/ سایتی زانیاری