زاری كرمانجی :
پرۆسەی هەڵبژاردنی وانەی زمانی كوردی (كرمانجی و زازاكی) لە قوتابخانەكانی باكووری كوردستان و توركیا تا 20ـی شوبات بەردەوام دەبێت. ساڵی رابردوو 59 هەزار و 362 قوتابی لە سەرتاسەری توركیا و باكووری كوردستان وانەی كوردییان هەڵبژاردبوو.
ئەمساڵ رێكخراوە مەدەنییەكان و سەندیكا و مامۆستایانی كورد چالاكترن و ئامانجیانە ئەو ژمارەیە بگەیەننە 100 هەزار قوتابی ، بۆیە هەڵمەتێكی چڕی سەردانكردنی ماڵان و پەیوەندیكردن بە دایكان و باوكانەوە دەستپێكردووە و هانیان دەدەن منداڵەكانیان بۆ خوێندنی زمانی كوردی ناونووس بكەن.
رەمەزان تەكدەمیر، سەرۆكی سەندیكای پەروەردەیی لە دیاربەكر راگەیاند “وەزارەتی پەروەردە پاڵپشتیی ئەم پرسە دەكات و ئێمەش داوا لە دایكان و باوكان دەكەین نەترسن و دوودڵ نەبن، چونكە منداڵەكانیان تا چەند پەرە بە زمانی دایكیان بدەن، هێندە زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت و ئاستی هۆشیارییان بەرز دەبێتەوە.”
هاوكات خودایی مورسومبول، بەرپرسی هەڵمەتی هەڵبژاردنی وانەی كوردی رایگەیاند كە ئەوان وەك رێكخراوە مەدەنییەكان، زانكۆكان و پلاتفۆرمی زمانی كوردی، هەماهەنگییەكی باشیان كردووە و سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردەیان كردووە.
دەشڵێت “ئامانجی ئێمە گەیاندنی ژمارەی ئەو قوتابییانەیە وانەی كوردی هەڵدەبژێرن بۆ 100 هەزار قوتابی. بەڕێوەبەرانی پەروەردە بەڵێنیان داوە ئاستەنگ دروست نەكرێت.”
مافناس و چالاكوانێكی كوردی باكووری كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە تەنیا قوتابخانە بەس نییە، بەڵكوو دەبێت كورد لە ماڵەوە، بازاڕ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بە كوردی قسە بكەن.
سدقی زیلان، مافناس و چالاكوان گووتی “دەوڵەت جاران نكۆڵی لە زمانی كوردی دەكرد، بەڵام ئێستا بە فەرمی دان بە بوونی زمانەكەدا دەنێت لەرێگەی ئەم وانانەوە. سیاسەتی تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) هەر ماوە، بەڵام دەبێت بە دەستی خۆمان كۆتایی بەو دۆخە بهێنین و خاوەنداری لە زمانی خۆمان بكەین.”


































































