مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ شاندێکی باڵای کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەوە؛ شاندە ئەمریکییەکە بە سەرۆکایەتی سیناتۆر لیندزی گراهام بوو و هەریەک لە سیناتۆرەکان, شێڵدن وایتهاوس، جاکی ڕۆزن، پیتەر وێڵچ و ئاندی کیمیان تێدابوو.
شەممە 14ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەربارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: جێگەی شانازییەکی گەورە بوو کە لەگەڵ ئەم شاندە ئەزمووندارەی کۆنگرێس کۆبووینەوە. لە ماوەی ڕابردوودا ئەم ئەندامانە بە سەرۆکایەتی سیناتۆر گراهام، لە دیارترین داکۆکیکاران بوون لە مافەکانی گەلی ئێمە و هێزەکانمان.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد, ئەم شاندە پەیوەندییەکی بەردەوامیان لەگەڵ هەسەدە پاراستووە و بە وردی گوێیان لە داواکارییەکان و گۆڕانکارییەکانی سەر زەوی گرتووە. گوتیشی: ئەوان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە پشتگیریکردنی دۆزەکەمان لە ڕێگەی چەندین دەستپێشخەری و پرۆژەیاساوە، بەتایبەتی یاسای پاراستنی کوردەکان، کە هەنگاوێکی مێژوویی و بەرز نرخێندراو بوو لای ئێمە.
هەروەها مەزڵووم عەبدی سوپاسی دڵسۆزیی ئەو سیناتۆرانەی کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ سووریا و گەلەکەی لەم ساتەوەختە هەستیارەدا. هەروەها جەختی کردەوە، ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەمێننەوە لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و ئازادی بۆ گەلی کورد.


































































