دیک سخوف سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، لە لێدوانێکی بۆ (کوردستان تیڤی) تیشکی خستە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامی زۆر باشیان هەبووە.
دیک سخوف ئاماژەی بەوە کرد، هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان وەک دوو دۆستی دێرین و نزیک لە یەکدی دەڕوانن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان لە چەندین بواری جیاوازدا، بەتایبەتی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، ئابووری و سەربازی. هەروەها دەستخۆشی لە کارەکانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر کرد بۆ ڕۆڵە چالاکەکەی لە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ لایەنی کوردی تاوتوێی دۆخی سیاسی و تەناهی ناوچەکەیان کردووە، لەوانە بارودۆخی سووریا و ئێران و پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دیک سخوف دووپاتی کردەوە کە هۆڵەندا پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، پاراستنی مافی کەمینەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و جێگیر، بە ئامانجی گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و پاراستنی ئارامی لە ناوچەکەدا.

































































