ئادار عبداللە – زاری کرمانجی
لە ساڵانی دواییدا، وەرزشی شاخ و گەشتکردن لە ناو سروشتدا بووەتە یەکێک لە چالاکییە بەسوودەکان کە زۆر کەس ئارەزووی دەکەن. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن ئەم وەرزشە کاریگەرییەکی زۆر باشی هەیە لەسەر جەستە و دەروون و باشترکردنی تەندروستی دڵ و خوێن.
بەپێی ماڵپەڕەکانی جیهانی : چوونە سەر شاخ و ڕێکردن لە ناو سروشت و شوێنی بەرزدا یارمەتی دەدات دڵ بەهێزتر بێت و خوێن بە باشی لە جەستەدا بگەڕێت، ئەمەش مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە. هەروەها بەسوودە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان، وەرزشی شاخ پێویستی بە بەکارهێنانی زۆربەی ماسولکەکانی جەستە هەیە، بە تایبەتی ماسولکەکانی پێ و پشت، کە وای لێدەکات جەستە بەهێزتر و چالاکتر بێت.سروشت و هەوای پاک یارمەتی مرۆڤ دەدات دڵ و دەروونی ئارام بێت. گەشتکردن لە ناو دارستان و شوێنە سروشتییەکان سترێس و نیگەرانی کەم دەکاتەوە و مرۆڤ لە ئاژاوەی ناو شار دەپارێزێت، هەروەها هەڵمژینی هەوایێکی پاک و تەندروست تر کە ئۆکسجین لە شوێنە بەرزەکاندا هەوای پاکترە، ئەمەش یارمەتی سیستەمی هەناسەدان دەدات کە باشتر کار بکات. لە هەمان کاتدا هۆکارێکە بۆ زیادبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە زۆرجار خەڵک بە کۆمەڵ چوونەتە سەر شاخ ئەمەش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات و وادەکات هاورێی زیاتر بناسی و ئاشنای لەگەڵ دەورووبەر دروست بکەیت.
وەرزشی شاخ نەک تەنها چالاکییەکی خۆشە، بەڵکو ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ پاراستنی تەندروستی جەستە و ئارامی دەروونی. پسپۆڕان پێشنیار دەکەن هەفتانە کەمێک کات بۆ چالاکییە سروشتییەکان تەرخان بکرێت.

































































