بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، ناتانیاهۆ زانیاری نوێ سەبارەت بە توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی دەداتە ترەمپ و باس لە ئەگەری هێرش دەکات.
دۆناڵد ترەمپ پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ چوارچێوەی ڕێککەوتنی خوازراوی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕوونکردەوە.
ناوبراو گووتی: ڕێککەوتن لەگەڵ تاران پێویستە نەبوونی چەک و مووشەکی ئەتۆمی و هەموو ئەو شتانەی دیکەی چاوەڕوانکراو لە ڕێککەوتنێکی باش لەخۆ بگرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە سەرۆكی ئەمریكا پێشتر باسی لە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی کردبوو، بەڵام کەمتر بە ڕوونی باسی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی دەكرد، ئێستا بابەتی موشەكی بالیستیكیش هاتۆتە سەر مێزی دانوستانەكانەوە.
لای خۆشیەوە عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرگری، ئەمڕۆ چوارشەممە 11-2-2026، لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی “نە ئەتۆمی، نە مووشەک” لەگەڵ تاران گووتی: توانای مووشەکی ئێران هێڵی سوورە، ئەم دۆسیەیە نایەتە سەر مێزی دانوستان.
شەمخانی داواکارییە ئاشکراکانی ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامەی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بە گوشار وەسف کرد و گووتی: ئەمریکا زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی دانوستان بە باوەڕپێکراو دەربکەوێت”.

































































