بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، شیکاری وێنەی مانگی دەستکرد دەریدەخات، لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران، هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئەلعودەید لە قەتەر، کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستەمی مووشەکی پاتریۆتیان لەسەر ئامێری هەڵدانی بارهەڵگری داناوە لەبری ئەوەی لەسەر سەکۆی تایبەت جێگیربکرێن بۆ ئەوەی ئاسانكاری بە جوڵەی خێرایان بدەن لە كاتی پێویست.
ڕۆیتەرز زیاتر نووسیویەتی، بەپێی ئەو وێنانە، کە لەلایەن کۆمپانیای پلانێت لابسەوە تۆمارکراون و لەلایەن شرۆڤەکارانی سەربەخۆوە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە، مووشەکەکانی پاتریۆت لە سەرەتای مانگی شوباتدا لەسەر بارهەڵگری سەربازی دانراون؛ هەنگاوێک کە ڕێگە بە هێزەکانی ئەمریکا دەدات بە خێرایی سیستەمەکان بجوڵێنن لە ئەگەری هێرشكردن یا بەرگری لە خاڵە هەستیارەکان.
زیاتر روونكراوەتەوە، وێنەی مانگی دەستکرد ئاماژە بە زیادبوونی بوونی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەندین بنکە لە ناوچەکەدا دەکات. لە بنکەی ئەلعودەید، ژمارەی فڕۆکەکانی سووتەمەنی پڕکردنەوەی KC-135 و فڕۆکەی گواستنەوەی C-17 بە بەراورد بە ناوەڕاستی مانگی یەک زیادی کردووە و لانیکەم 10 سیستەمی پاتریۆت لە شوێنەکەدا بینراوە.
لە ئوردن وێنەکانی بنکەی ئاسمانی مەوفەق ئەلسەڵتەنەتی جێگیرکردنی 17 فڕۆکەی جەنگی ئێف 15 ئی و هەشت فڕۆکەی هێرشبەری ئەی 10 و چەند فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سی 130 و فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی EA-18G دەردەخات کە بە بەراورد بە وێنەکانی پێشوو بە شیوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.
لە لایەكی دیكەشەوە وێنەکانی مانگی دەستکرد بوونی کەشتیی جەنگی (باقری) كە تایبەتە بە هێزی دەریاوانی ئیران لە نزیک بەندەر عەباس پشتڕاست دەکەنەوە.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەم دواییانەدا هۆشداریدا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕازی نەبێت بڕیارێکی گەمژانەی داوە.

































































