مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا بە سووكایەتیكردن بە پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا و دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی عێراق ناو دەبات و دەشڵێت “ئەم جۆرە لێدوانانە بە تێپەڕاندنی عورفە دیپلۆماسییەكان هەژمار دەكرێن.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات لە بارەگای وەزارەت، میوانداریی ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیای لە عێراق كرد و لە نزیكەوە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە لێدوانە نوێیانەی كە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنییدا لەگەڵ كەناڵی (CNN)ی توركی لە ڕێكەوتی 9ی شوباتی 2026 دابووی.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەت هاتووە كە محەممەد حوسێن بەحرلعلوم بریكاری وەزارەت بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان، نیگەرانیی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانە دەربڕیوە كە لە میدیاكان بڵاوبوونەتەوە و جەختی كردووەتەوە كە “ئەم لێدوانانە سووكایەتیكردنە بە پەیوەندییە دۆستانەكانی نێوان عێراق و توركیا، و بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق و تێپەڕاندنی عورفە دیپلۆماسییەكان هەژمار دەكرێن.”
هەروەها باسی لەوە كردووە: “عێراق دەوڵەتی دامەزراوەكانە و خاوەن سیستەمێكی سیاسی دیموكراسی دەستوورییە، و ناكرێت بەراورد بكرێت بە دەوڵەتانی تر كە خاوەن سیستەمی سیاسی جیاوازن.”
سەبارەت بە كاروباری ناوخۆش، بریكاری وەزارەت دووپاتیكردەوە “دۆسیەی شەنگال و تەواوی ناوچەكانی تری عێراق پرسێكی نیشتمانیی پەتییە، و بەپێی ئەولەویەت و میكانیزمە نیشتمانییەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت”، جەختیشی كردەوە لە “ڕەتكردنەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەكارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ كاریگەریی سیاسی و سەربازی.”
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنییدا لەگەڵ كەناڵی (CNN)ی توركی ڕاگەیاند “لە داهاتوویەكی نزیكدا لەم ناوچانە هەندێك گۆڕانكاری ڕوو دەدەن” و باسی لەوەش كرد “حكومەتی عێراق لە دۆخێكدایە ڕێگە دەدات خاكەكەی لەلایەن هێزێكی چەكداری دیكەوە داگیر بكرێت. ئەمە وەك هەڕەشەیەكی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ سەر خۆی نابینێت.”

































































