ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بە گوێرەی پێگەی Medical News Today، دڵەکوتێ ئەوکاتەیە کە دڵ بە خێرایی زیاتر لە ١٠٠ لێدان لە خولەکێکدا لێ دەدات. کە دەتوانرێت بە چەندین هۆکار ڕووبدات، لەوانە کاردانەوەی دەرمان، کحول، سترێس و هەندێک حاڵەتی تەندروستی.
بەگوێرەی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی (Heart American Association)، تێکڕای لێدانی دڵی ئاسایی لە تاکە پێگەیشتووەکان ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدان لە خولەکێکدایە. لێدانی دڵ لە سەرووی ١٠٠ لێدان لە خولەکێکدا خاڵەتێکی نائاساییە پێی دەوترێت دڵەکوتێ یان خورپەی دڵ.
زۆربەی هۆکارەکانی خێرا لێدانی دڵ واتە دڵەکوتێ مەترسیدار نین. لەگەڵ ئەوەشدا، دڵەکوتێ خێراتر لە حاڵەتی ئاسایی دەتوانێ نیشانەی کێشەیەکی تەندروستی بێت. هەستەکانی وەک دڵەڕاوکێ، ترس و توڕەیی دەتوانن لێدانی دڵی مرۆڤ بەرز بکەنەوە.
کاتێک جەستە لە ژێر فشاردایە، ڕژێنی ئەدریناڵ ئێپینفرین دەردەدات کە بە ئەدرینالین ناسراوە. دوو ڕژێنی ئەدریناڵ لە لەشدا هەیە، یەکێکیان دەکەوێتە سەرەوەی هەر گورچیلێک.
کەسێک کە بە بەردەوامی هەستی دڵەڕاوکێی هەیە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی تەندروستی هەبێت. کۆمەڵەی دەروونناسی ئەمریکی (APA) ئاماژە بەوە دەکات کە سترێسی درێژخایەن ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتانە زیاد دەکات. بە شێوەیەکی گشتی، هەر کاتێک مرۆڤ لە هەستی دڵەڕاوکێ و ترس و سترێس دوور کەوتەوە، لێدانەکانی دڵیشی ئاسایی دەبێتەوە.

































































