مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای چەندین مانگ لە هۆشداری دەزگا ئەمنییەكان و پیلانەكانی گەورە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی وڵاتەكە، شەوی دووشەممە 9ی شوبات بەهۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنی و بوونی مەترسی تەقەكردن و تیرۆركردنی، بۆ ماوەی چوار كاتژمێر هەلیكۆپتەرەكەی سەرۆكی كۆڵۆمبیا لە ئاسمانی دەریادا مایتەوە و نەیتوانیوە لە كەناراوەكانی كاریبی بنیشێتەوە.
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆكی كۆڵۆمبیا لە گوتارێكی دا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وردەكاری ڕووداوەكەی خستە ڕوو و گووتی “بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لە ئاسمانی دەریادا ماینەوە و ناچار بووین ڕێڕەوی گەشتەكەمان بگۆڕین بۆ شوێنێكی دیكە كە پێشتر پلانی بۆ دانەنرابوو، ئەوەش تەنیا بۆ پاراستنی گیانمان و ڕزگاربوون بووە لەو پیلانەی بۆ كوشتنم داڕێژرابوو.”
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی لەو وڵاتەدا كردووە، پەیوەندییەكانی نێوان كۆڵۆمبیا و ئەمریكا گرژی تێكەوتووە و بارودۆخی ئەمنیی كۆڵۆمبیایە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، هەر وەكوو چاودێرانی سیاسیی باسی لێوە دەكەن .


































































