کەمال محەممەد وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە 5100 مێگاواتە، بەڵام هەندێک جار کێشە تەکنیکییەکان لە سەرچاوەکانی دابینکردنی گاز (بەتایبەت کۆمپانیای دانە غاز) دەبنە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.
سەبارەت بە نیگەرانیی هاووڵاتییان لە بەرزیی نرخی پسوولەکان، جەختی کردەوە، کە هیچ زیادکردنێک لە نرخدا نەکراوە و نرخەکان وەک خۆیان (بەپێی بڕیاری ساڵی 2021) ماونەتەوە. دەشڵێت، بەرزیی بڕی پارەکە لەم وەرزەدا تەنیا پەیوەندی بە زیادبوونی بەکارهێنانی کارەباوە هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەهۆی سەرماوە.
کەمال محەممەد باسی لەوەشکرد، حکوومەتی هەرێم پلانی هەیە تا کۆتایی ساڵی 2026 خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی هاوبەشان دابین بکات. لە ئێستا 75%ی هاوبەشان لەم خزمەتگوزارییە سوودمەندن و حکومەت کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پڕۆژە نوێیەکان و چاکسازیی دیجیتاڵییەوە (وەک سیستەمی ئی پسوولە)، شەفافییەت و کوالیتی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە نیشان دەدەن کە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە رێگەی وردبینیی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی ژێرخانی ناوخۆیی، کێشە کەڵەکەبووەکانی کەرتی وزە چارەسەر بکات و سەقامگیرییەکی درێژخایەن بۆ ئابووری و بژێوی هاووڵاتییان دابین بکات.

































































