مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنی دا لەگەڵ كەناڵێكی ڕووسیی، چەندین زانیاری هەستیاری ئاشكرا كرد و ڕایدەگەیەنێت كە هەریەكە لە سعوودیە و توركیا بوونەتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی .
حسێن كینانی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی (RT) ڕاگەیاند “زانیاریی هەواڵگری ورد و متمانەپێكراومان لە لایەن یەمەنییەكانەوە كە لە ناوخۆی سعوودیە كار دەكەن گەیشتووەتە دەستمان كە سعوودیە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمییە و ئەمەریكا و ئیسرائیل یش ئاگاداری ئەم ڕاستییەن،”
كینانی دەشڵێت “ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە ڕێگەی “ڕێككەوتنی ئەبراهام”ەوە سعوودیە كۆنترۆڵ بكەن تا ئەو چەكە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.”
لە بارەی توركیاوە فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران ئاشكرای كرد كە توركیا لە ڕێگەی “پاكستان”ەوە بووەتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و دەڵێ “پاكستان یان چەكەكەی بۆ توركیا دابین كردووە، یان هاوكارییەكی ئەوەندە قووڵی ئەتۆمی لە نێوانیاندا هەیە كە توركیا بە “كردەیی” خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت.”


































































