زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی خالید میشعەل، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس لە دەرەوە، لە كۆڕبەندی “الجزیرە” لە قەتەر لێدوانێكی مشتومڕاویی سەبارەت بە پێكهاتەكانی سوریا دا، كاردانەوەی توندی لێكەوتەوە. میشعەل ڕایگەیاندبوو” ئیسرائیل نایەوێت دەوڵەتێكی یەكگرتووی سوریا هەبێت، بەڵكو پشتیوانی لە كورد و دروز و عەلەوییەكان دەكات بۆ ئەوەی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە تێكبدات.” ئەم لێدوانە وەك سوكایەتی و تۆمەتباركردنی كورد بە هاوكاری ئیسرائیل لێكدرایەوە.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامێكی توندی میشعەلی دایەوە. هەڵەدنی لێدوانەكانی سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماسی بە هەوڵێك بۆ ڕازیكردنی وڵاتانی خانەخوێ و گەڕان بەدوای “مەجدی عەرەبی” وەسف كرد.
ڕەخنەی ئەوەشی لێگرت كە لە كاتێكدا بەرامبەر پرسی جۆلان و ئیسرائیل بێدەنگە، كەچی ئێستا “زمانی بەرامبەر كورد درێژ بووە”.
بە بڕوای هەڵەدنی، دوو هۆكاری سەرەكی لە پشت ئەم هەڵوێستەی میشعەلەوەن، یەكەمیان شوێنی مانەوەی ناوبراوە، كە دەڵێت” تۆ لە دۆحە و ئەستەنبوڵ دانیشیت، هەر دەبێت بە دڵی ئەوان قسە بكەیت”. هۆكاری دووەمیش بۆ عەقڵیەتی بزاڤە ئیسلامییە عەرەبییەكان دەگەڕێنێتەوە كە گوتارێكی نەتەوەیی توندیان هەیە و تەنها خەون بە شكۆیەكی عەرەبیی لەدەستچووەوە دەبینن، نەك برایەتی ئیسلامی.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، هەڵەدنی هەڵوێستێكی ڕاشكاوانەی بەرامبەر پیرۆزی كەسایەتییەكان نیشاندا و ڕایگەیاند كە لای ئەو، هەڵوێست بەرامبەر بە گەلی كورد تەنها پێوەرە.
وتی” هەركەس دژی میلەتەكەم بێت، ئەگەر هەموو قورئانیشی لەبەر بێت و بەرماڵی بەسەر ئاوەوە بگەڕێت، لای ئێمە جێگەی زبڵدانە.” جەختیشی كردەوە كە ئەم پێوەرە بۆ سەركردە ئیسلامییەكان و ڕۆژئاواییەكانیش وەك یەك وایە.

































































