مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وا بڕیارە كۆنگرێسی ئەمریكا كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات و ژمارەیەك شایەتحاڵ باس لە پێشێلكارییەكانی ئەم دوایەی حكومەتی دیمەشق بكەن .
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـى شوباتی 2026، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی ئەم دوایەی حكومەتی كاتیی سووریا ئەنجام دەدات و لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك شایەتحاڵ باس لە بارودۆخی سووریای دوای ڕووخانی ئەسەد و پێشێلكارییەكانی ئەم دوایەی حكومەتی كاتیی ئەحمەد شەرع لە سووریا و ناوچە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن.
لای خۆشییەوە، فەوزا یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) ڕاگەیاند “كۆنگرێسی ئەمریكا گفتوگۆ لەسەر پرۆژەی “یاسای پاراستنی كورد” دەكات.”
داواشی كرد كە پێویستە هەموو كورد و هێزە ئازادیخوازەكان پشتیوانی لە یاساكە بكەن.
“یاسای پاراستنی كورد” لەلایەن سیناتۆر لیندسی گراهامەوە پێشكەش بە كۆنگرێس كراوە، دوای ئەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە شەرع بە پشتیوانی توركیا و چاوپۆشی ئەمریكا پەلاماری هێزەكانی سووریای دیموكراتیان دا.


































































