درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزە عێراقییەکان بازگەی مەخمووریان بەڕووی هەموو جۆرە کاڵا و بەرهەمێکی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستاندا داخست. ئەم بڕیارە کتوپڕە نەک تەنیا جووڵەی بازرگانی پەکخستووە، بەڵکو بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی گەورە بۆ هاووڵاتیانی ناوچەکە، تەنانەت لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەشیاندا.
هێزە ئەمنییەکان ڕایدەگەیەنن کە فەرمانەکە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دەرچووە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ بارێکی بازرگانی لە هەولێرەوە بەرەو مەخموور نادرێت.
لە بەرامبەر ئەم بڕیارەدا، شۆفێرانی بارهەڵگر و کاسبکارانی ناوچەکە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و جەخت دەکەنەوە کە تاوەکو بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە، کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکانیان ناهێنن. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە “سیاسییە نەک ئیداری” و ئامانج لێی لاوازکردنی ئابووری هەرێم و دابڕاندنی مەخموورە لە هەولێر، بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە ناچار بکرێن تەنیا ڕوو لە شاری مووسڵ بکەن


































































