مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی گیسلەین ماكسوێڵ، هاوكاری سەرەكی جێفری ئێپستین، مافی “هەمواری پێنجەم”ی دەستووری بەكارهێنا بۆ ئەوەی وەڵامی هیچ پرسیارێكی لیژنەی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا نەداتەوە لە سەر دۆسیەی ئێپستین، دواتر لە ڕێگەی پارێزەرەكەیەوە ڕاگەیاند “ئەگەر ترەمپ لێخۆشبوونم بۆ دەربكات، هەموو شتێكی ئێپستین ئاشكرا دەكەم.”
گیسلەین ماكسوێڵی تەمەن 64 ساڵ، كە بە یەكێك لە هاوكارە نزیك و سەرەكییەكانی جێفری ئێپستین ناسراوە و سزای 20 ساڵ زیندانی بە تۆمەتی قاچاخچێتی سێكسی بەسەردا سەپێنراوە و لە زیندان خەریكی بەسەربردنی سزاكەیەتی، ڕۆژی دووشەممە 9ی شوباتی 2026، ئامادە نەبوو لەبەردەم لیژنەی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە.
دواتر دەیڤد ماركوس، پارێزەری ماكسوێڵ، لە بەیاننامەیەكدا پێشنیازێكی خستە بەردەم لیژنەكە و ڕایگەیاند “ماكسوێڵ ئامادەیە بە شێوەیەكی ڕاست و تەواوەتی قسە بكات، بەو مەرجەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە لێبوردنی بۆ دەربچێت.”
پارێزەرەكەی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دۆناڵد ترەمپ و بیل كلینتن، سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا بێتاوانن و تەنیا ماكسوێڵ دەتوانێت هۆكارەكەی ڕوون بكاتەوە.
ئەندامێكی لیژنەی لێكۆڵینەوە كە سەر بە دیموكراتەكان دەڵێ “ماكسوێڵ لە كاتی لێپێچینەوەكەدا هیچ پەشیمانییەكی پێوە دیار نەبووە و وەك “ڕۆبۆت” مامەڵەی دەكرد.”


































































