زاری كرمانجی – سۆران :
گەنجێك دەڵێ” توانج لێدان و یەكتر شكاندن لە نێو گەنجان خەریكە دەبێتە دیاردە و ئاگادارم رۆژانە چەندین برادەر لێك توڕە دەبن”، یەكێكی تریش دەڵێ:” سەیرە گەنجی ئەو سەردەمە تەنیا پەنا بۆ سیفەتە ناتەندروستەكان دەبن و هەڵسوكەوتی جوان و سیفەتی باشیان ونكردووە”.
گەر بەو شێوەیە یەكترشكاندن بەردەوام بێ، كورد ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات”، پسپۆرێكی دەروونیش
عیسا حەمەدەمین تەمەن 26 ساڵ، پێی وایە ئەوە پێشكەوتنی سەردەم و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە هەرچی سیفەتی خراپ هەیە دەكاتە دیاری چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەتایبەت گەنجان و دەڵێ:” ناو و ناتۆرە هەڵبەستین بۆتە پیشەی كۆمەڵێك گەنجی كۆمەڵگەی كوردەواری و رۆژانە لە نێو بازاڕ و قوتابخانە و یاریگە و شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەستی پێ دەكرێت “،
عیسا ئەوەش دەڵێ:”بەداخەوە خەریكە گەنجانی كورد ژمارەیی پێوانەیی لە توانج لێدان و یەكترشكاندن تۆمار دەكەن”، عیسا گەرچی نیگەرانە بەرامبەر بەو بارودۆخە، بەڵام هیوا بۆ چاكبوونی دەخوازێ و داواكارە لە گەنجان هۆشیارانەتر هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتر و كۆمەڵگەكەیان بكەن و دەڵێ:”پێویستە گەنجان خۆیان زیاتر رۆشنبیر بكەن و هۆشیارانەتر هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتر و كۆمەڵگەو گۆڕانكارییەكان بكەن، چونكە تەنها ئەو شتانەیە سوود بە گەنجان دەگەینێ و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ، زیانی بۆ هەمووان هەیە و زەرەرمەندی یەكەمیش هەر خودی خۆیانن كە ناشیرین و رەزا قورس دەبن لە نێو كۆمەڵگەكەیان”،
سامی سەعید هۆكاری یەكترشكاندن و توانج لە یەكتردان، بۆ رك لێبوونەوە دەگەڕێنێتەوەو دەڵێ” كاتێ یەكترمان خۆش نەویست و ركمان لە یەكتر بووە، ئەو كات یەكتر دەشكێنن و توانج لە یەكتر دەدەین و قسە لەسەر هەموو شتێكی یەكتر دەكەین و یەكتر سووك دەكەین، بەڵام گەر یەكترمان خۆشویست، ئەوە بە شێوەیەكی جوان و مرۆڤانە رەفتار لەگەڵ یەكتر دەكەین و یەكتر لە باوەش دەگرێن و رێزی یەكتر دەگرین”.
ئەوەش دەڵێ”پێویستە بەخۆمان دابچینەوە”.
ئەكرەم مزووری پسپۆری دەروونی لەبارەی مێژووی یەكترشكاندنەوە قسە دەكات و دەڵێ”هەرچەند مەسەلەی یەكترشكاندنەوەو هەراسانكردنی تاك، لە كۆنەوە هەر هەبووەو بە گەڕانەوە بۆ حیكایەت و داستان و شانۆنامە كوردی و بیانییەكان، چەندین وێنەی توندوتیژیمان بەرچاو دەكەوێت، بەڵام شتێكی بەڵگە نەویستە كە ئەم دیاردەیە لە سەردەمی ئێستادا بە تایبەت لە توڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، رۆژ بە رۆژ پانتاییەكی فراوانتر داگیر دەكات و بە گشتی دەتوانین بڵێین هێما و ئاماژەیە بۆ مەترسییەكی گەورەو شاراوە, ئەم مەترسییەش رۆژانە بە گیانی تاكەكانی كۆمەڵگادا دەتەقێتەوەو ژمارەی قوربانییەكانی یەكتر شكاندنەوە بەرەو سەرەوە دەبا”,
ئەو پسپۆرە دەروونییە هێما بە چەند هۆكارێك دەكات كە پاڵنەرە بۆ ئەوەی تاك روو لەو كارە بكات و دەڵێ”سێ هۆكار هەیە كە دەبنە پاڵنەر بۆ ئەوەی تاك روو لەو كارە بكات،
1.شێوازی بە كۆمەڵایەتیكردن: مرۆڤ كاتێك لە دایك دەبێت، هیچ شتێك دەربارەی كۆمەڵگا, بەها, داب و نەریت و زانست نازانێت، بەڵام دوای لەدایكبوون، لەرێگەی دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانەوە (خێزان, قوتابخانە, راگەیاندن …هتد) هەوڵی بە كۆمەڵایەتیكردنی دەدرێت و لە بوونەوەرێكی بایۆلۆژییەوە بۆ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی دەگوڕدرێت و فیری زمان, بەها, زانست, داب و نەریت و رۆشنبیری كۆمەڵگایەكەی دەبێت و كەسایەتی تایبەت بە خۆی بۆ دروست دەكرێت.
بۆیە ئەگەر لە پرۆسەی بەكۆمەڵایەتیكردندا شێوازی توندوتیژی, هەڕەشە, چاوسووركردنەوە, تۆقاندن بەكار هات، بێ گومان زیانی گەورە بە كەسایەتی و باری دەروونی تاك دەگەنێت و لەدرێژخانەدا مرۆڤێكی توندوتیژ و تۆقێنەر و شكێنەری كەسایەتی لێ دەردەچێت.
2.كەسایەتی سادیسم: دەروونی مرۆڤ زۆر ئالۆزەو حەزو ئارەزووەكانی هەمە چەشنە و بە جۆرەها شێوە گوزارشتی لێ دەكات و یەكێك لەو شێوازانەی كە مرۆڤ گوزارشتی حەز و ئارەزووەكانی پێ دەكات، بریتییە لە خۆشی و چێژ وەرگرتن لە شكاندنەوە و ئازاردانی كەسانی تر, ئیتر ئەم ئازاردانە راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ, جەستەیی بێت یان دەروونی، وە یان هەردووكیان پێكەوە, كە دەروونزانان بەو جۆرە كەسایەتیانە دەڵێن كەسایەتی سادیسم, كە بە جۆرێك لە نەخۆشی دەروونی هەژمار دەكرێت و بۆ چارەسەركردنیشی رێكاری تایبەتی لە لایەن پزیشكی دەروونییەوە دەگیرێتە بەر.
3.یەكتر قەبووڵ نەكردن : ئاستی یەكترقەبووڵكردن و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە جیاجیاكانی هەر جڤاكێك، پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە ئاستی رۆشنبیری تاكەكانی هەمان كۆمەڵگاوە هەیە، پێچەوانەكەشی ڕاستە، بۆیە لە جڤاكی پێشكەوتوودا هاوتەریب لەگەڵ بەرزی ئاستی رۆشنبیری تاكەكان, رادەی یەكترقەبوڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانەش لە ئاستێكی بەرزدایەو، بە پێچەوانەوە لە جڤاكی دواكەوتوودا بە داخەوە مرۆڤایەتی رۆژ بە رۆژ زیاتر شاهیدی شەڕ و ئاژاوە و توندوتیژی و كۆشتار و شكاندنەوەو چاوسووركردنەوە دەبێت”.
لانە عەبدوڵڵا بە پێكەنینەوە دەڵێ:” كاتی خۆی توانج لێدان بەسترابووە بە كچان، بەڵام ئێستا لە بەر كوڕان كچان مەجالی توانج لێدانیان نەماوە”، لانە توانج و یەكتر شكاندنەوە بە ئاكارێكی قێزەون ناو دەبات و پێی وایە ئەو گەنجانەی پەنای بۆ دەبن دوورن لە رۆشنبیربوون و ئاستی تێگەیشتنیان لاوازە و دەڵێ:” شەرمە گەنج بیت تەنیا كاری باشت ئەوە بێ توانج لە خەڵك بدەیت و دەروونی بەرامبەرت ئازار بدەیت و لە كەسایەتی ئەم و ئەو بدەیت، لە جیاتی ئەو كارە قێزەونە دوو قسەی باش بۆ دەووربەر بكات پیاوانەترە”.