ئا/ زاری كرمانجی
واژۆکردنی زیاتر لە 80 ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان شانشینی سعودیە و سوریا کە بەهای زیاتر لە 40 ملیار ڕیاڵی سعودیە (نزیکەی 10.7 ملیار دۆلار)، تەنها ڕووداوێکی ئابووری رووكەش نییە، بەڵکو دەستپێكی خاڵی وەرچەرخانە لە هاوسەنگکردنەوەی هاوكێشەی سیاسی و ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دە ساڵ لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری.
ئەم لێكتێگەیشتنە دوای ئەوە هات كە شاندێکی باڵای سعودیە سەردانی دیمەشقیان کرد، تەنیا رەهەندی سەرمایە و ئابووریی نییە، بەڵکو سعودییە بەم هەنگاوە پیشانی دەدات نوێنەرایەتی ڕێبازێکی نوێ دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان؛ ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی ئامرازە ئابوورییەکان و ئاوەدانکردنەوە و دووبارە دروستکردنەوە و زیندووکردنەوەی تۆڕی بەرژەوەندییە عەرەبییەکان لەسەر بنەمایەکی دامەزراوەیی و بەردەوام بێت. بۆیە بڕیارێکی بەم ئاست و قورساییە لەلایەن ڕیازەوە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندەی مێژوویی، جیۆپۆلەتیکی و ئابووری هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی روون هاوكێشەكان و پێشبینی دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی بەدەستەوە بدات.
پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق هەمیشە لە ڕەوتی مێژوویی خۆیاندا نەخشێکی جێگیر نەبوون و لە نێوان قۆناغەکانی یەکگرتن و کێبڕکێی ئایدیۆلۆژیدا هەڵاوسانیان هەبووە. هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی هاوچەرخی سوریا، ئەم پەیوەندییە لە ژێر سایەی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و ململانێی لەمێژینەی عەرەب و ئیسرائیلدا پێناسە کرا. لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئایدۆلۆژیای قەومی حزبی بەعس لەگەڵ ڕێبازی کۆنەپەرستانەی سعودیە ناکۆکی هەبوو و بووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرژیی نێوان هەردوو وڵات.
بەڵام پێشهاتە ناوچەییەکان لە کاتە گرنگەکاندا هەردوولایان لە یەکتر نزیک کردەوە. وەک لە شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣دا، پشتیوانی دارایی سعودیە ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەهێزکردنی پێگەی سوریادا بینی. لە ساڵانی دواتردا سوریا بووە یاریزانێکی کاریگەر لە هاوکێشەی لوبناندا، هاوکات سعودیە هەوڵیدا ڕۆڵی هاوسەنگی لە ڕێگەی نێوەندگیری سیاسییەوە بگێڕێت، هەوڵێک کە لە ڕێککەوتنی تایف لە ساڵی 1989دا گەیشتە لوتکە.
ئێستا سعودیە بەم ئۆڤەرە فرە رەهەندییەوە دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر بۆ بنادنانەوەی سوریا بگێرێت و پەڵكێشی وڵاتانی عەرەبی بكاتەوە، هەنگاوێك كە بێ كێشەش نابێت، بە تایبەتی كە ئەم هەنگاوە كورت كردنەوە یا بڕینەوەی دەستی توركیا و روسیا دەبێت لە داهاتووی ئەم وڵاتە.

































































