بەڕێز د.رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە میانی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ رێكخراوە ناحكومییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت دەستكاری (یاسای مافی بە دەستهێنانی زانیاری) بكات. ئێمە لێرەوە رای دەگەیێنین كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ ویستێكی لەو چەشنەی نییە و هیچ داوایەكی لەو جۆرەشی بۆ هەموار كردنەوەی ئەو یاسایە، ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی نەكردووە.
سەبارەت بە دەرچوواندنی رێنماییەكانی یاسای مافی بە دەستهێنانی زانیاری، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە رێكەوتی 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە بریاری ژمارە (157) و لە خاڵی سێیەمدا هەریەك لە سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەكانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان.
لێرەوە سوپاسی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكەین كە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەكان دەربڕی.
حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە پابەندی پەیڕەوكردنی شەفافیەتە لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی و بەكردەییش ئەوەی جێبەجێی كردووە.
د.جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢