سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکات بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” رایگەیاند “بە گەرمی پیرۆزبایی لە دیلان یەشیلگۆز دەکەم بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا.”
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوانمانین.”
رۆژی هەینی، 06ـی شوباتی 2026، دیلان یەشیلگۆز، خانمە سیاسەتمەداری کورد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە حکوومەتی نوێی هۆڵەندا دیاری کرا.
دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکوو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی شەش وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت.

































































