مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات دەستبەسەركراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی مانگی ڕابردووی ئێران، بە جۆرەها شێواز ئەشكەنجە كراون و بەشێكیان ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێكسیی و هەڕەشەی لەسێدارەدان بوونەتەوە .
هەنگاو لە ڕاپۆرتەكەی دا ئاماژەی بەوە كردووە “لە وتووێژكردن لەگەڵ چەند دەستبەسەركراوێكی ئەم دوایانەدا، ئاماژەیان بە ڕێگەی نوێ كردووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی خێرا و بەڕێوەبردنی دادگا سەحرایییەكان بەبێ تێپەڕاندنی قۆناغە یاسایییەكان و بە مەبەستی سەركوتی خێرای ناڕەزایەتییەكان.”
دەشڵێت “ئەو دەستبەسەركراوانەی لەم بارەیەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ هەنگاو كردووە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٢ ساڵدایە و لە ڕەگەزی جیاوازن. ئەم كەسانە لە شار و ناوچەی جیاوازەوە پەیوەندییان بە هەنگاوەوە كردووە، لە دەستبەسەرگەی جیاوازدا بوون و هیچ ناسیاوییەك و پەیوەندییەكیان پێكەوە نییە. سەرەڕای ئەوەش، گێڕانەوەكانیان سەبارەت بە سەپاندنی گوشار، هەڕەشەی كوشتن، لەسێدارەدان و هەروەها توندوتیژیی سێكسی و دەروونیی توند بۆ وەرگرتنی دانپێدانان، بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر وەك یەكن.”
یەكێك لە ئازادكراوەكان بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە “من دوو لێكۆڵەرم هەبوو؛ لێكۆڵەرێكی ژن و یەكێكی پیاو. لێكۆڵەرە پیاوەكە ڕۆڵی پۆلیسی باشی دەگێڕا و ژنەكە ڕۆڵی پۆلیسی خراپ. گوشاریان بۆ دەهێنام كە بڵێم چەكی گەرمم پێ بووە. هەندێك جار چەكیان دەخستە سەر ناوچەوانم و دەیانگوت تەقە دەكەین. دەیانگوت دەبێت دان بەوەدا بنێیت كە پارەت لە دەزگا دەرەكییەكان وەرگرتووە،”
ئازادكراوەكە ئەوەشی باسكردووە “ڕۆژێكی تەواو بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك لەسەر زەوی ڕاكشێندرابووم و بەو شێوەیە لێپرسینەوەم لێ دەكرا. ئەو ژنە ناچاری دەكردم كە سووكایەتی بە گیانبەختكردووانی ئەم ناڕەزایەتییانە بكەم. زۆر شەرم لەوە دەكەم. ئەوان بە تەواوی ڕاهێنرابوون كە ئازاری دەروونیی توندمان بدەن. من بەرگەی هەموو ئەشكەنجەكانم گرت، بەڵام گوشاری دەروونی بۆ سووكایەتیكردن بە گیانبەختكردووەكان ژیانی لێ تاڵ كردم. وێنەی تەرمی كوژراوەكانیان نیشان دەدام و دەیانگوت ئەگەر دانپێدانان نەكەیت چارەنووست وەك ئەمانە دەبێت. ئەو لێكۆڵەرە ژنە چای داخاوی بەسەردا دەڕشتم، لەو حاڵەتەدا كە ڕاكشابووم تفیشی دەكردە ناوچەوانم. منی ڕادەكێشا و پێی دەخستە سەر دەموچاوم. وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین. پێش ئازادبوونیشم ناچاریان كردم سوپاسی ئەو ئەشكەنجەدەرە ژنە بكەم.”
لە درێژەی ئەو چاوپێكەوتنانەی هەنگاو كردوویەتی لەگەڵ بەندكراوان، ژنێكی 32 ساڵە بەم شێوەیە باس لەو ساتانە دەكات كە لەلایەن بەڕێوەبەرانی زیندانەكەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە “بە پەت و درێڵ و قولاپی هەڵواسینەوە هاتنە ژووری و بە ئاماژە بۆ بنمیچی ژوورەكە گوتیان لەسێدارەتان دەدەین. پێیان گوتم تۆ بۆ مۆساد كار دەكەیت. هەروەها دەیانگوت كە لە حیزبەكانی كوردستانەوە پارەت وەرگرتووە. هەوڵێكی زۆر هەبوو كە بە دەرەوەی ئێرانی پەیوەست بكەن. ئاوی ساردیان بەسەردا دەڕشتم و زۆر ئەشكەنجەی سێكسییان بەكار دەهێنا. بەردەوام دەنگی ئەو كەسانەم دەبیست كە ئەشكەنجە دەدران. تەنانەت منداڵی ١٢ ساڵانیش لە نێوان دەستبەسەركراوەكاندا هەبوو. ئەوەندە كەس زۆر بوو نەماندەتوانی قاچەكانمان ڕاكێشین.”
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت “هەموو ئەو دەستبەسەركراوانەی لەگەڵ هەنگاو قسەیان كردووە، دوای چەندین ڕۆژ و هەفتە ئەشكەنجە و دانپێدانان، بە بارمتەی قورس ئازاد كراون و هەندێكیان بەم زووانە كاتی دادگاییكردنیانە. هەندێكیان گوتوویانە مۆبایلەكانیان لای ناوەندە ئەمنییەكان ماوەتەوە و بۆیان نەگەڕاندوونەتەوە.”
هەنگاو هۆشداریش دەدات سەبارەت بە بەكارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژیی سێكسی لەم خولەی دەستبەسەركردنەكاندا و دۆخی دەروونیی دەستبەسەركراوان بە مەترسیدار دەزانێت و داوا لە كۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە هەوڵی خێرا بدەن بۆ ئەوەی دەروونناسان دەستیان بەم كەسانە ڕابگات.
بەپێی ئامارێك كە پێشتر ڕێكخراوی ناوبراو بڵاوی كردووەتەوە، لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانەوە تا ئێستا زیاتر لە چل هەزار هاووڵاتی لە شارە جیاوازەكاندا دەستبەسەر كراون كە تا ئێستا ناسنامەی ٢٥٠٠ كەسیان بۆ هەنگاو پشتڕاست كراوەتەوە، لە نێویاندا ١٨٦ ژن و ٢١٨ منداڵی خوار ١٨ ساڵ هەیە. هەروەها هەنگاو تا ئێستا ناسنامەی ١٢٧٠ گیانبەختكردووی ئەم ناڕەزایەتییانەی پشتڕاست كردووەتەوە كە ١٢٥یان ژن و ٩٣یان منداڵی خوار ١٨ ساڵن.


































































