زاری کرمانجی :
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:” لە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان و شوفێران، ئەو نووسراوەی کۆمپانیای PVI دەری کردووە کاری پێناکرێت.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، ئەو نووسراوەی کۆمپانیای PVI کاری پێناکرێت، بەڵام بۆ سەلامەتیی گیانی خۆمان، پێویستە ساڵانە و بەردەوام پشکنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان بکەین.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆمپانیای PVI بۆ پشکنینی هەززەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، کە لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی و ماڵیی هاووڵاتییان، سیستەمێکی نوێ بۆ وەرگرتنی کرێ و سزای دواکەوتنی پشکنینی تەکنیکی پەیڕەو دەکرێت.
بە پێی نووسراوەکەی کۆمپانیاکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی یاسایی خۆیاندا سەردان دەکەن، کرێی پشکنینیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ بڕە پارەیەکی زیادەیان لێ وەرناگیرێت.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەی کۆمپانیاکەدا کە بووە مایەی نیگەرانیی شۆفێران هاتبوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەک ساڵ دواکەوتوون، جگە لە کرێی پشکنینی ئاسایی، بڕی 50%ـی کرێی ساڵێکی پشکنین وەک سزا دەخرێتە سەر پارەکەیان، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بۆ ماوەی دوو ساڵ و زیاتر پشکنینیان نەکردووە، سزاکەیان قورستر دەبێت.

































































